ته‌مووز 27, 2021 15:30 Asia/Tehran
  • ئۆلەمپیک ،،، ڕاگەیاندنی فەلەستین لەمەڕ کشانەوە لە ئۆلەمپیکی تۆکیۆ

دوابەدوای تۆمار کرانی قودسی داگیرکراو وەکو شارێکی سەربە ئیسرائیل لە ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ، سەرۆکی شاندەکەی فەلەستین لە ئۆلەمپیک باسی بڕیاری کشانەوەی وەرزشوانانی فەلەستینی لە یارییەکانی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی «ماڵپەڕی ئەلغەد»، «جبرەئیل ڕەجوب»  سەرۆکی شاندی فەرمیی ئۆلەمپیکی فەلەستین تۆمار کرانی ناوی «وسام ئەبو ڕەمیلە»ی جۆدۆکاری خەڵکی قودسی داگیرکراوی وەکو لەدایک بووی ئیسرائیل لە لایەن کاربەدەستانی ئۆلەمپیکەوە ئیدانە کردو ئەو کارەی بە پێشێل کردنی ئاشکرای ڕاستی و یاساوڕێساکان زانی.

«ڕەجوب» بە دەربڕینی ئەمەی کە وڵاتەکەی لە بەر ئەو کارە لە یارییەکانی ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ دەکشێنێتەوە، وتیشی: لە ھاواھەنگییەک دا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین نامەیەکی ناڕەزایانەی بۆ «تۆماس باخ» سەرۆکی لێژنەی نێونەتەوەیی ئۆلەمپیک و سەرۆکی ئەنجومەنی ئۆلەمپیکی ئاسیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی لێژنەکانی عەرەبی و سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی ھاوپشتیی ئیسلامی ڕەوانە کردووە.

«ڕەجوب» وتیشی: ئەگەر ئەو ھەڵەیە خێرا ساغ نەکرێتەوە، لێژنەی ئۆلەمپیکی فەلەستین کشانەوەی خۆی لە بەشداری کردنی یارییەکانی ئۆلەمپیک ڕادەگەیەنێ و ھەموو ھەنگاوێکی پێویستیش بۆ وەڵامدانەوەی ھۆکارانی ئەم بابەتەو پێشێلکارانی جاڕنامەی ئۆلەمپیک ئەنجام دەدات.

دوابەدوای ئەم ناڕەزامەندی دەربڕینە، لێژنەی نێونەتەوەیی ئۆلەمپیک وێڕای لێبودنخوازی لە فەلەستینییەکان ڕایگەیاند: ئەم ھەڵەیە لە لایەن کۆمپانیایەکی تایبەتیی پاڵپشتی دراڤیی لێژنەی نێونەتەوەیی ئۆلەمپیک ڕووی داوەو ھەڵەکە لە بارەی شێوازی تۆمار کردنی ناوی ئەو جۆدۆکارەی فەلەستین ساغ کراوەتەوە.

سەرپەیڤ