کایەیەکی دڵخوازی سەردار «حاج قاسم سولەیمانی» تۆماری نیشتیمانی کرا
سەرپەرشتی کۆڕی وەرزشی لادێ و کایە خۆجێییەکانی پارێزگای کرمان ڕایگەیاند: «قەڵا قەوس» کایەی دڵخوازی سەردار «حاج قاسم سولەیمانی» و لە کایە خۆجێییەکانی شارستانی «ڕابر» زیدی «حاج قاسم» وەکو یەکەم یاری لە دەڤەری جوگرافیایی پارێزگای کرمان لە ئاستی نیشتیمانی دا تۆمار کرا .
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە پەیوەندییە گشتییەکانی ئەم کۆڕە، «فەرھاد نەژاد فەسیحی» ڕایگەیاندووە: لە ھەشت ساڵ لەمەوبەرەوە دوابەدوای بەرپا کردنی فستیڤاڵی «قەڵا قەوس» لە ئاوایی «قەناتی مەلیک»ی شارستانی «ڕابر»ی سەربە پارێزگای کرمان وەکو زیدی شەھید «سولەیمانی»، سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی لادێ بەڵێنی تۆمارکردنی نیشتیمانیی ئەم کایەیەی دابوو کە لەم ماوەیەدا بە بەرپاکردنی کۆبوونەوەو بەدواداچوونی بەردەوام ئەو ھەوڵە بە ئەنجام گەییشت.
کایەی «قەڵا قەوس» یارییەکی مێشکی و خۆجێیی و مێژوویی تایبەت بە شارستانی «ڕابر»ـە کە دوو کەس بەرامبەر بە یەک دادەنیشن و وەک دامە پێکەوە کێبەرکێ دەکەن. لەم یارییەش دا تەختەیەکی کون کون لە نێوان کایەکارەکان دادەنرێت کە کۆمەڵێک داشی لەگەڵدایە کە دەبێ بخرێنە ئەو کونانەوە.
«نەژاد فەسیحی» کە بەرپرسایەتیی سکرتاریەتی گشتیی فیدراسیۆنی وەرزشی لادێ و کایە خۆجێییەکانیشی لە ئەستۆیە، وتوویەتی: تۆمار کردنی کایە نیشتیمانییەکان لە گرینگترین بەرنامەکانی فیدراسیۆنە کە بەبڕشتانە لە وڵات دا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت ھەتا بەش بە حاڵی خۆمان ھەنگاوێکمان لە ئاراستەی پاراستنی کەلەپووری وڵات دا ھەڵگرتبێت.