تشرینی دووه‌م 14, 2021 12:38 Asia/Tehran
  •  فه‌ره‌نسا و به‌لژیک بلیتی مۆندیالیان بڕی و هۆڵه‌ندا شانسێکی گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدا

هه‌ڵبژارده‌کانی فه‌ره‌نسا و به‌لژیک یارییه‌کانی گه‌ڕی نۆیه‌می پاڵاوتنه‌کانی کیشوه‌ری ئه‌وروپایان بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر ئه‌نجامدا، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌که‌ به‌شداریکردنیان له‌ مۆندیال یه‌کلاییکرده‌وه‌.

شەوی رابردوو، هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا یاریی گه‌ڕی نۆیه‌می پاڵاوتنه‌کانی ئه‌وروپای به‌رامبه‌ر کازاخستان ئه‌نجامدا، ئه‌ستێره‌کانی “لێس بلوس” به‌ ئه‌نجامی هه‌شت گۆڵی بێوه‌ڵام بردنه‌وه‌یان تۆمارکرد.

گۆڵه‌کان له‌ خوله‌که‌کانی شه‌ش، 12، 32، 55، 59، 75، 84، 87 له‌لایه‌ن کیلیان مباپێ (سوپه‌ر هاتریک)، که‌ریم بنزیمه‌ (دوو گۆڵ)، ئه‌دریان ڕابیۆ، ئه‌نتوان گریزمانه‌وه‌ تۆمارکران.

له‌ یارییه‌کی دیکه‌دا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیک به‌ ئه‌نجامی سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێک بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئیستۆنیا تۆمارکرد، گۆڵه‌که‌ی ئیستۆنیا له‌ خوله‌کی 70 له‌لایه‌ن ئیریک سۆرگاوه‌ تۆمارکرا، سێ گۆڵه‌که‌ی به‌لژیکیش له‌ خوله‌که‌کانی 11، 53، 74 له‌لایه‌ن کریستیان بینتیکی، یانیک کاراسکۆ، تۆرگان هازارده‌وه‌ تۆمارکران.

هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌نداش یاریی گه‌ڕی نۆیه‌می به‌رامبه‌ر مۆنتینیگرۆ ئه‌نجامدا، یارییه‌که‌ به‌ ئه‌نجامی یه‌کسانبوون (2-2) کۆتاییهات.

گۆڵه‌کانی هۆڵه‌ندا له‌ خوله‌که‌کانی 25، 54 له‌لایه‌ن مێمفس دیپایه‌وه‌ تۆمارکران، گۆڵه‌کانی مۆنتینیگرۆش له‌ خوله‌که‌کانی 82، 86 له‌لایه‌ن ڤوکۆتیچ و ڤونۆڤیچه‌وه‌ تۆمارکران.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ تۆمارکراوه‌کان، هه‌ڵبژارده‌کانی فه‌ره‌نسا و به‌لژیک به‌ پله‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه‌کانی چواره‌م و پێنجه‌م بۆ مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر سه‌رکه‌وتن‌، هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌نداش به‌ یه‌کسانبوونی به‌رامبه‌ر مۆنتینیگرۆ‌ سه‌رکه‌وتنی بۆ مۆندیال تاوه‌کو گه‌ڕی ده‌یه‌م دواخست.

سەرپەیڤ