تشرینی دووه‌م 28, 2021 20:28 Asia/Tehran
  • بولبولی کوردستان بوو به 100 ساڵ

بولبولی کوردستان بوو به 100 ساڵبولبولی کوردستان بوو به 100 ساڵ

ولبولی کوردستان بوو به 100 ساڵ

ئەفسانەی گۆرانیی کوردیی ، شالوورە دەنگ سێحراویەکەی کوردستان ، گۆرانی بێژی هەموو سەردەمەکان ، حەسەن زیرەک ، ئەگەر لە تەمەنی 50 ساڵی دا چرای تەمەنی بە رەشەبای ئازار و نەخۆشیی نەکوژابایەوە ، ئێستا پێی دەنایە سەدەمین ساڵی تەمەنی.8 ی سەرماوەز (29 ی نوامبر) ساڵھاتی لەدایکبوونی ئەو ھونەرمەندە شاسوارەیە  کە تەنیا لە ماوەی 16 ساڵ چالاکیی هونەریی دا توانی2000 گۆرانیی تۆمار بکات .

هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لە دەنگە ئەفسانەیی‌ و زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ‌ لە گۆرانیە رەسەن و بە سۆزەکانی زیرەک دەگرن و بەو دەنگە سێحراویە پاراوی دەروونی خۆیان دەکەن .

زیرەک هونەرمەندێکی ئەوەندە مەزنە کە لە ماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بووە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوە‌ و دڵی ملیۆنەها کورد ( بگرە غەیرە کورد) ی داگیر کردووە. 

ئەو گەنجینە گۆرانی‌و هونەرە رەسەنەی حەسەن زیرەک لەژیانیدا پێشکەشی کوردی کردوە بارتەقای هەموو ئەو گۆرانییانەن کە بەدرێژایی مێژووی کورد پێش زیرەک بەرهەمهاتوون. 

زیرەک کە لەژیانیدا بەردەوام لەجێگۆڕکێدا بوە لەنێوان شارەکانی کوردستانی ئێران ‌و  کوردستانی عێراق ‌و بەغداو تاراندا، بەشێکی گرنگی گۆرانییەکانی لەو دانیشتنانەدا وتووە کە لەشاری سلێمانی تۆماری کردوون و هەم هەڵبەست‌و هەم ئاوازەکەشی هی خۆی بوون.  

حەسەن زیرەک لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەممەد عەبدوسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی کاری کردووە و ئەو ھاوکارییە بووە ھۆی خوڵقاندنی بەرھەمی وا کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە  به یادگار ماون.

حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە "محەممەد ماملێ"، "مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە"، "عوسمان بۆکانی" و "ئەحمەد شەماڵ". گۆرانی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، ساڵی ١٣٣٨ی ھەتاوی پێکەوە بە یارمەتی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە. "بەرھەڵبێنە" و "ھەوارە، گوڵم ھەوارە" دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوەیان گوتوون.

حەسەن زیرەک  کاتێ لە تاران بوو، لەگەڵ وێژەری بەشی کوردی ڕادیۆ تاران، کۆچکردووخاتوون «میدیا زەندی» یەکیان ناسی و دوای ماوەیەک ژیانی ھاوسەرییان پێکھێنا. بەرھەمی ئەو ژیانە دوو کچ بە ناوەکانی «ئارەزوو » و «ساکار» بوو، کە زیرەک چەند گۆرانییەکی بە کچەکانیدا وتووتەوە.

زیرەک لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢لەتەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات‌و لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت و ئێستا مەزارەکەی  جێ نزرگەی هەموو ئەویندارانی گۆرانی و مۆسقیای کوردیە. 

حەسەن زیرەک نزیکەی ٢٠٠٠ گۆرانی بەزمانی کوردی، فارسی، ئازەری‌و لوڕی‌و ئەرمەنی تۆمار کردوە‌و بەدرەوشاوەترین ئەستێرەی هونەریی‌و گەورەترین سیمبولی موزیکی کوردی دادەنرێت.

مێلۆدی و گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک ، تابلۆیەکی بێ وێنەن ، لە سروشتی کوردستان ، شار و لادێ ، کار و تێکۆشان ، عەشق و دڵداری ، ئافرەت و جوانی ، غەم و شادی و قاموسێکیشن لە وشەی رەسەن و پاراوی کوردی .

سەرپەیڤ