کانونی یه‌که‌م 14, 2021 10:34 Asia/Tehran
  • (کانیماڵ) کتێبی «لە خۆراسان ھەتا بارزان» بڵاو دەکاتەوە

«کەلیموڵڵا تەوەحودی» ناسراو بە «کانیماڵ» نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەری کوردی خۆراسان بە نیازی بڵاو کردنەوەی تازەترین بەرھەمی خۆیەتی لەژێر ناوی «لە خۆراسان ھەتا بارزان».

«کانیماڵ» کە ناسناوی «کەلیموڵڵا تەوەحودی» نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەری کوردی خۆراسانە ڕایگەیاندووە: ڕاپۆرتی گەشتەکەم بۆ هەرێمی کوردستان نووسیوەتەوە کە دەرھاویشتەکەی کتێبێکە لە ژێر ناوی «لە خۆراسان ھەتا بارزان»، ئەمەش ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەیە کە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کردوومە و دیارە بۆ پێداچوونەوەیەکی تر و ئەنجامی قۆناغی کۆتایی کتێبەکە پێویستە سەردانێکی تری هەرێمی کوردستان بکەم.

ئەم تووسەرە کوردەی خۆراسان ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە، توێژینەوە گەلێکم سەبارەت بە خێڵەکانی کورد لە ناوچەدا ئەنجام داوە و بەڵگەنامەگەلێکم لە سەردەمی مادەکان، پاشاکانی هەخامەنشی، سەردەمی ساسانییەکان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کۆ کردووەتەوەو، هەروەها لە سەر مێژووی ناوچەی بارزان و ناوی یەکەمین پاشایەک کە لە سەردەمی ئەشکانییەکان دەستەڵاتداری  ناوچەی بارزان بووە و ناوی لە سەر ناوچەکە دانراوە لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕم ئەنجام داوە.

  «تەوەحودی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، سەبارەت بە دیاربەکر، شەنگال، دهۆک، ئامێدی، هەولێر و زاخۆ بە تایبەت زاخۆ کە زۆربەی کوردەکان لەوێوە هاتوون نەک لە قەفقازەوە، زانیاری مێژوویی شازم کۆکردووەتەوە.

 ئەم توێژەرە خۆراسانییە لە درێژەدا ئاماژەی بە چاپ بوونی بیست کتێبی خۆی کرد و وتی : ئەمساڵ  دوو کتێبم لە ژێر ناوی «نادرشا» و «کلیدر» چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کە بەرهەمی لێکۆڵینەوەی خۆم لە بواری مێژوو و کولتووری نەتەوەی کوردە، هەروەها مۆڵەتی چاپی کتێبی قامووسی کوردی خۆراسان(کورمانجی _ فارسی)م وەرگرتووە و ئامادەیە بۆ چاپ کردن.

«کانیماڵ» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، کوردەکانی خۆراسان سەرەڕای ئەوەی لە باری ڕێ و شوێنەوە لە هۆزە کوردەکانی تری ئێران دوورترن، بەڵام هەوڵیان داوە فەرهەنگ و کولتوور و داب و نەریتی خۆیان بپارێزن و ڕادەستی نەوەی نوێیشی بکەن.، دیارە  نەوەی نوێش دەبێت شانازی بە ناسنامە و ڕەسەنایەتی کولتووری و مێژوویی خۆیان بکەن و هەوڵ بدەن بە ئەنجام دانی لێکۆڵینەوەو توێژینەوە ئەم کولتوورە بە هێزتریش بکەن، لە بەر ئەوەی لاوەکانی ئەمڕۆ داهاتووی ئێمە پێک دەهێنن.

«کەلیموڵڵا تەوەحودی» لە کۆتایی دا تیشکی خستوەتە سەر ئەوەش کە، بەڵگەنامە و دیکۆمێنتگەلێکم کۆکردوەتەوە کە دەتوانێ لە ڕەوتی مێژوویی کوردەکان دا کاریگەریی زۆری هەبێت لە بەر ئەوەی کوردەکان ڕەسەنترین بنەچەی ئێرانین و دەبێت لەم بوارەدا زۆرتر بایەخ بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بدرێت.

سەرپەیڤ