کانونی یه‌که‌م 23, 2021 16:34 Asia/Tehran
  • توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای هەورێشم»ی چینی مسۆگەر کرد

«توورەج ئەسڵانی» بە فیلمی سینەمایی «بێ نیشتمان» سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی خۆی، خەڵاتی «دەرهێنەری نوێخواز»و تەندیسی «ڕێگای هەورێشمی زێڕین»ی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای هەورێشم» لە وڵاتی چین مسۆگەر کرد.

فیلمی سینەمایی «بێ نیشتمان» لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد «توورج ئەسڵانی»، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی «ماد مووڤی» و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی «ڕەز هەڵکەوت ڕەشید» لە هەرێمی کوردستان، لە نوێترین و سێیەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای هەورێشم» لە شاری «فۆژۆ» لە وڵاتی چین نمایش کرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی داوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی «دەرهێنەری نوێخواز» و هەروەها تەندیسی «ڕێگای هەورێشمی زێڕین»ی پێ بەخشرا.

«توورج ئەسڵانی» دەرھێنەری کوردی ئەم بەرھەمە سینەماییە سەرکەوتووە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای هەورێشم»ی چین ڕایگەیاندووە: "سڵاو و سپاس بۆ ئەندامانی بەڕێزی لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڕێگای هەورێشم»ی وڵاتی چین، بۆ گرینگیدان بە فیلمی سینەمایی «بێ نیشتمان». دیارە ناونیشانی ئەم خەڵاتە واتە «دەرهێنەری نوێخواز»؛ وەبیرهێنەرەوەی جێ و شوێنی ڕوانگەو بڕوای هونەر لە سینەمادایە و هەروەها بۆ منیش، ھیانەیەکە بۆ درێژەپێدانی تێڕوانینی دژەباوی خۆم.  

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڕێگای هەورێشم» بە سەرۆکایەتیی لێژنەی داوەرانی «هوانگ جیانشین» دەرهێنەری ناوداری چینی و بە نمایشی زیاتر لە ١٠٠ بەرهەم لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی «پێشبڕکێی سەرەکی»، بەشی «پانۆڕاما»، بەشی «دەرەوەی پێشبڕکێی»، بەشی «بازاڕەکانی فیلم» و ...لە ڕۆژانی ٨ تا ١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢١ لە شاری «فۆژۆ» لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.   

سەرپەیڤ