تورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی باڵیودی 2021ی بەدەستهێنا
تورەج ئەسڵانی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "مالیخولیا" خەڵاتی باشترین وێنەگریی دوهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "باڵیود"ی 2021 لە وڵاتی هیندستانی بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی "مالیخولیا" Melancholia لە دەرهێنان و بەرهەمێهنانی "موڕتەزا ئاتەش زەمزەم"، لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد حەسەن ئەسڵانی و لە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی سینەماکاری ناوداری کورد تورج ئەسڵانی، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی دوهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیود" Bollywood لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن و لەوحەی ڕێزلێنانی ئەم ڕوداوە گرینگە سینەماییە بە "تورج ئەسڵانی" سینەماکاری داهێنەر و نوێخوازیی کورد بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دوهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیود" بریتی بون لە، "ئاشوک ڕێنە" Ashok Rane دەرهێنەر و رخنەگری سینەما لە وڵاتی هیندستان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دکتۆر "ئاشوک میشرا" Ashok Mishra سیناریۆنوس و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هیندستان، "ئامیت ڕای" Amit Rai دەرهێنەر لە وڵاتی هیندستان، "تۆقیر ئەحمەد" Tauquir Ahmed ئەکتەر و دەرهێنەر لە وڵاتی بەنگڵادیش و خاتو "ماریان بۆرگۆ" Marianne Borgo ئەکتەر لە وڵاتی فڕەنسا.
دوهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیود" لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم، کورتە فیلم، سیناریۆ، موزیک ڤیدیۆ، فیلمە هیندییەکان و لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە ڕۆژانی 12 تا 14ی دیسەمبەری لە شاری بەمبەئی لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.