شوبات 08, 2022 17:36 Asia/Tehran
  • تازەترین بەرھەمی «موحەممەدعەلی دەسماڵی» نووسەری سنەیی بڵاو کرایەوە

کۆمەڵە چیرۆکی نوێی نووسەری سنەیی «موحەممەدعەلی دەسماڵی» چاپ و بڵاو کرایەوەو خرایە بەر دەستی ھۆگرانی وێژەو ئەدەب.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر ، کۆمەڵە چیرۆکی نوێی «موحەممەدعەلی دەسماڵی» نووسەرو چیرۆک نووسی کورد بە زمانی فارسی و بە ناوی  «آبی کم جان» واتە «شینی کەم گیان»، لە لایەن بڵاوگەی هیلا سەر بە ناوەندی «قوقنووس» بڵاو کرایەوە.

ئەم کتێبە ٩ چیرۆکی لە خۆ گرتووە و ١٢٠ لاپەڕەیە. ٢ چیرۆکی ئەم کتێبە پێشتر براوەی خەڵاتی یەکەمی «فریشتە» و خەڵاتی دووهەمی «سادق هیدایەت» بووە.

هەروەها کۆمەڵە چیرۆکی «خێراتر لە مەرگ» کە داگری چیرۆکە کوردییەکانی «موحەممەدعەلی دەسماڵی»یە لە مانگی گوڵانی ساڵی داهاتوودا بلاو دەکرێتەوە.

«دەسماڵی» لە ساڵی ١٣٥٦ کۆچیی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە. پێشتر کۆمەڵەی شیعری وەرگێڕاوی تورکی بۆ کوردی بە ناوی «تاڵترین قاوە» بڵاو کردووەتەوە، هەروەها دوو کۆمەڵە چیرۆکیشی لە تاران بڵاو کراونەتەوە بە ناوەکانی «ئەسبێک بۆ مردن» و «مەنفا لە هەیوانەکان».

«موحەممەدعەلی دەسماڵی» بە سەر سێ زمانی کوردی و فارسی و تورکیی ئەستەمۆڵی دا زاڵەو بە تەواوی شارەزای ھەردووک زاراوەی سۆرانی و کورمانجیشە.

 

سەرپەیڤ