چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بە بەشداریی 180 کۆمپانیا لە سلێمانی کرایەوە
چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بۆ بەرهەمە خۆراکی و پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی هاووڵاتیان، بە بەشداریی 180 کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی کرایەوە.
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەڵێن "نزیکەی لەسەدا 70ی ئەو کۆمپانیایانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، ناوخۆیین و بەشەکەی دیکەی کۆمپانیای بیانین کە لەناویاندا کۆمپانیای ئێرانی، تورکی، سووری، ئوردنی و ئەڵمانیش هەن".
فێستیڤاڵەکە تا ۲٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاژێر ۱٠ی بەیانی تا ۹ی شەو کراوەیە. بڕیارە کاڵاکان بە نرخی گونجاو بفرۆشرێن و چاودێری لەسەر نرخەکان هەیە.
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە باس لەوە دەکەن کە کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵە لەم کاتەدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی ئەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە کەمیی خۆراک و پێداویستییەکان دروست بوون.
کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە مەترسی لەسەر هەندێک خۆراک و پێداویستی دروست بووە و نیگەرانیی لای هاووڵاتیان لێ کەوتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک و پێداویستی لە هەرێم نییە و بەردەوامیش هاوردە دەکرێت.
لە کاتی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتی "ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی زیاتر لە 700 کۆگای دروست کردووە، دڵنیاییتان دەدەینێ کە ئەگەر لە ئێستاوە تا ساڵێکی دیکە برنج و ڕۆن و کاڵاکانی دیکە هاوردە نەکرێت، کۆگاکانی ئێمە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەپێی خواستی خەڵک هەیە".