سنە دەبێتە میوانداری ١٢ وڵاتی جیھان لە جێژنی جیھانیی نەورۆزدا
بەڕێوەبەری گشتیی کەلەپوورو گەشتکاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای کوردستان وتی: شاری سنە ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی مارچ میوانداریی ١٢ وڵاتی جیھان دەکات بۆ جێژنی جیھانیی نەورۆز.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «یەعقوب گویلیان» بەڕێوەبەری گشتیی کەلەپوورو گەشتکاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای کوردستان ڕۆ ژی سێ شەممە لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران وتیشی: جێژنی نەورۆز کە ھەر لە ڕۆژی دووشەممەوە لە تاراندا دەستی پێ کراوە، لە شارەکانی ھەمەدان و کرماشان بەردەوام دەکرێت و لە ڕۆژی پێنج شەممە لە شاری سنەدا کەڕنەڤاڵ و بەرنامەکانی بەرپا دەکرێن.
گویلیان وتیشی: لەم بەرنامەیەدا ٥٨ کەس لە ھۆزە جۆریبەجۆرەکانی ئێران لە سەرتاسەری وڵات، باڵوێزانی چەند وڵاتی بیانی و نوێنەرانی ١٢ وڵاتی دنیا کە جێژنی نەورۆزیان ھەیە، ئامادەو بەشدارن.
بەڕێوەبەری گشتیی کەلەپوورو گەشتکاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای کوردستان وتیشی: بەرپاکرانی بەرنامەکانی جێژنی نەورۆز ڕۆڵێکی ھەرە گرینگی لە ناساندنی پارێزگای کوردستان ھەیەو یارمەتیی برەوسەندنی گەشتکاری لە وەرزەکانی دیکەی ساڵیش دەدات.
سەیرانگەی ئاوییەر، مۆزەخانەی کوردی سنە، دەریاچەی زرێباری مەریوان، مەڵبەندی ھیەورامان، ئەشکەوتی کەرەفتووی دیواندەرە، ئاوایی پاڵنگانی کامیاران، یبازاڕی شارەکانی سنەو بانەو مەریوان و قورئانە مێژووییەکەی نگڵ لەو شوێنە گەشتیاریانەی پارێزگای کوردستانن کە ھەموو ساڵێک زیاترین ڕێژەی سەردانی گەشتکاران بە خۆیان تەرخان دەدەن.
ھەتا ئێستا دوو ھەزار ئاسەواری داگری ئاسەواری مێژوویی ، ئەشکەوتە سروشتییەکان، دارە کۆنەکان، کارێز و وێنی سروشتی لە پارێزگای کوردستان ناس کراون کە لەم ژمارەیە ٩٥٠ ئاسەواریان تۆماری نیشتیمانی کراون.