خەڵاتی «تەها کەریمی» لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی «کورت و کرمانجی» پێشکەش کرا
بە یادو پێشکەش کردنی خەڵاتی سینەماکاری کورد ڕەوانشاد «تەها کەریمی» و خەڵاتی دەرهێنەری کورد «خەلیل داخ» یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی «کورت و کرمانجی» بەڕێوەچوو .
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکیی کورتە فیلمی «کورت و کرمانجی» بە بەرپرسیاریی «فێرات کێڤێر» وێنەگری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا،«ئاڕدین دێرین»دیکۆمێنتسازوڕۆژنامەوانی کوردی تورکیا و «فەرهاد بایسال» بەرپرسی ماڵپەڕی «سینەمای کورد»ی دانیشتووی وڵاتی بەلژیکا، بە یادی سینەماکارانی کورد خوالێخۆشبووان «تەها کەریمی»و «خەلیل داخ» و بە چڕبوونەوە لەسەر تایبەتمەندی و تواناکانی زمانی کوردی و بە هەوڵی ماڵپەڕی «سینەمای کورد»و هەروەها بە هاوکاری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا بۆ ماوەی مانگێک بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی ١٦ بەرهەمی ئامادەبوو لە بەشی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکیی کورتە فیلمی «کورت و کرمانجی»، بە ڕێژەی٨٦٤١ دەنگیان دا کە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەکان دەستنیشان کران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا:
خەڵاتی یەکەم بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای «ئاموودە» بە بایی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی «ئێستا بەبێ ترس» لە دەرهێنانی «ریزوان دیهارۆ» بە بەدەستهێنانی ٢٠١٧ دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی دووهەم بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد «تەها کەریمی» سینەماکاری بانەیی بە بایی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی «ق.و.خ_ QWX » لە دەرهێنانی «نووروڵڵا ئاکجان» بە بەدەستهێنانی ١٩٤٩ دەنگ پێشکەش کرا.
خەڵاتی سێیەم بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد «خەلیل داخ» دەرهێنەری کورد بە بایی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی «زەینی منداڵی» لە دەرهێنانی «فیرات یاووز» بە بەدەستهێنانی ١٧١٤ دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی تایبەتی «کوردستان» بە کورتە فیلمی «لە ماڵێ» لە دەرهێنانی «خەلیل ئاکگوڵ» بە بەدەستهێنانی ١٣٥٨ دەنگ پێشکەش کرا.
لە وتاری کۆتایی بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکیی کورتە فیلمی «کورت و کرمانجی»دا هاتووە: ئێمە بە بینەران و فیلمسازانی بەشداربوو لەم فێستیڤاڵە دەڵێین کە ماڵەکانتان لەو کاتەوە گەشەی کرد و پڕ لە ڕۆشنبیری بوو کە کورتە فیلمە کوردییەکانتان بۆ ماوەی مانگێک لە سەرتاسەری ئەم جیهانەوە بینی.