ئادار 24, 2022 21:26 Asia/Tehran
  • خوێندرانەوەی ھەڵبەستەکانی «نیزامیی گەنجەوی» و «مەولانا» لە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شیعری «لاھە»

فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شیعری «لاھە» بە خوێندرانەوەی ھەڵبەستەکانی «نیزامیی گەنجەوی» و «مەولانا» ، ھەڵبەستوانانی ناوداری ئێرانی لە کۆبینای فەرھەنگیی «ئامارە»ی شاری «لاھە» لە وەجمەندترین ناوەندەکانی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیریی وڵاتی ھۆڵندا ، بەرپا کرا.

 فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شیعری «لاھە» بە سەرپەرشتیی «موحەممەد ئەمین ئەلکەرخی» شاعیرو وەرگێڕی بە ڕەگەز فارسی عێراقی، بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە شاعیران لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان و بە خوێندرانەوەی ھەڵبەستەکانی شاعیرانی ناوداری ئێرانی لەوانە حەکیم «نیزامیی گەنجەوی» و «حەزرەتی «مەلانا» بە زمانەکانی ھۆڵندایی، ئینگلیزی، فارسی، ئیسپانیایی و عەرەبی، ئێوارەی ڕۆژی یەکەمی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ی کۆچیی ھەتاوی ڕێککەوت لەگەڵ یەکەم ڕۆژی نەورۆزو ڕۆژی جیھانیی شیعر«٢١ مارچ» لە کۆبینای فەرھەنگیی «ئامارە»ی شاری «لاھە»ی وڵاتی ھۆڵندا بەڕێوە چوو.

لەم ڕووداوە ئەدەبییەدا، ژیاننامەو ھەڵبەستەکانی «نیزامیی گەنجەوی» سەرنجێکی تایبەتیی درایە. «فاتیمە ئەکتاش» نووسەری ھۆڵندایی لە بارەی جیھانبینی و ھزری حەکیم «نیزامیی گەنجەوی» و جێ و شوێنی لای گەلانی جۆربەجۆری جیھان قسەی کرد.

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا چەند کۆپلەیەک لە ھەڵبەستەکانی «مەولانا جەلالەددینی ڕومی»ش بە ھۆی شاعێرێکی ھۆڵندایی خوێندرایەوە.

«موحەمەد ئەمین» ھەڵبەستوانی ھەڵکەوتەی بەڕەگەز فارسی عێراقی و سەرپەرشتی  فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شیعری «لاھە»ش ئەوەی ڕوون کردەوە کە، نەورۆزو ڕۆژی جیھانیی شیعر پێکەوە ھەوێنی بۆنەکە پێک دێنن کە لە نێو گەلانی جۆربەجۆری جیھاندا جەخت لە بایەخە بەرزە مرۆڤییەکان دەکەنەوە.

وتیشی: ئێمە لەم کۆڕەجێژنەدا شانازیی ئەوەمان پێ بەخشراوە کە دەلاقەیەکی تازە لە ڕووی نەورۆزو شیعر لە  «لاھە» دا کە شاری ئاشتی و دادگەرییە، بکەینەوە.

٢١ی مارچ ڕێککەوت لەگەڵ یەکەم ڕۆژی خاکەلێوە، لە ساڵی ١٩٩٩وە بە مەبەستی برەو پێدانی خوێندن و نووسین و بڵاو کردنەوەی ھەڵبەست و زەق کردنی ھەمەجۆرە بوونی زمانی لە ڕێگای دەربڕینی شاعیرانەوە، لە لایەن «یۆنیسکۆ» وەکو ڕۆژی جیھانیی شیعرو ھەڵبەست ناودێری کراوە.

سەرپەیڤ