نیسان 06, 2022 05:38 Asia/Tehran
  • مانگی ڕەمەزان مانگی میوانی خودا

بەھاری ڕەمەزان گەییشت. گەرچی ھەموو بەیانییەک داچەڵەکان و لەخەو ھەستان، لەژیاندا چەند پات دەبێتەوە، بەڵام کازیوەی یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ژیان بە ڕەنگ و بۆنێکی دیکە دەست پێ دەکات. سروەیەک ھەڵدەکات و ئاوەنگی پاکی و ڕەحمەت شاگەشکەیەک بە دڵە خافڵاوەکان دەبەخشێت.

ئا لەم حاڵەدا ئەم چرپەیەی ئیمامی سادق(ع) لە ئەئدامانی بنەماڵەی پێغەمبەری سەردار(ص) دەڵێینەوە کە لە دوایین ڕۆژانی مانگی شەعبان فەرموویان: خودایا ئەمێستا مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ڕ ێوەگەییشتووە. مانگێک کە تیای دا قورئان بۆ ڕێشاندانی خەڵک و وەک بەڵگەیەکی ڕوون بۆ ڕێنوێنی و جیاکردنەوەی حەق لە ناحەق دابەزی. ئێمە لەم مانگەدا بپارێزەو بە پارێزراویش لە ئێمەی وەرگرەوە.

بەڕاستی چەندە ئاتاجی ئەم دەرفەتە دەگمەنە بووین ھەتا لەگەڵ خۆمان و خودادا خەڵوەت بکەین. وەرن با لە مانگێکدا کە مەڵھەمێکە بۆ سەر دڵی گوناحکاران، بە شاباڵی تۆبە لە ئاسمانی ڕەحمەتی خودایی دا لە شەقەی باڵ بدەین و بفڕین.

خودیا سوپاست دەکەین کە لە ئێستادا مانگێکی ڕەمەزانی دیکە تاقی دەکەینەوە، سڵاو لە تۆ ئەی مانگی ڕەحمەتی خوداوەند، سڵاو لە تۆ ئەی ئەو مانگەی کە حەز دەکەین بەردەوام لە تەنیشتماندا بیت.

بەڕۆژوو بوون لەو کۆڵەکانەی ئیسلامە و ڕۆڵێکی گرینگی لە گۆڕان و ئەفراژ بوونی مەعنەویی بڕواداراندا ھەیە. ھەر لە بەر ئەمە پێغەمبەری سەردار(ص) و ئیمامانی مەعسوم(ع) دەچوونە پیریی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە کە مانگی میوانیی خوداو ڕۆژانی ڕۆژوو گرتنەو بۆ خۆسازانی ھەرچی زیاتر بە مەبەستی لەببەیک وتن بە ئاھەنگی ئیلاھی داب و نەرینێکیان ھەبوو.

ڕەسوڵی خودا(ص) لە بارەی ئاسەوارو کاریگەریی ڕۆژوو لە سەر دەروونی مرۆڤەکان دەفەرموێت: ئەوەی پێی ەۆشە نێڵەی گڕی سینەو پەرێشانیی دڵی دامرکێتەوە، مانگی ڕەمەزان و سێ ڕۆژ لە ھەر مانگێم بەڕۆژوو بن.

لەو جوانیانەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئەمەیە کە خووخدە جوان و چاکەکان لە ناخی ڕۆژووگراندا پەرە دەستێنێ. بۆ وێنە دەستپێکی مانگی ڕەمەزان کانی کۆتایی ھێنان بە گێرەوکێشەو دووبەرەکییەکانە.

مانگی جوان و پڕپیت و بەرەکەتی ڕەمەزان لەو ھێماو نیشانە ھەڵکەوتانەی یەکگرتن و یەکڕەنگیی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیھانە، بە دەست پێ بوونی مانگی ڕەحمەت و بەزەیی، موسڵمانان لە ھەر وڵات و ڕەنگ و ڕەگەزێمەوە بەو پەڕی گەشانەوەو ڕێزی فراوانەوە دەچنە پیرییەوە.

رێ و ڕەسمی ڕۆژوو گرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز وەک ڕێ و ڕەسم و مەناسکی شکۆمەندی حەجج لە نێو تەواوی فیرقەو ئایینزا ئیسلامییەکان ، ڕێ و ڕەسمێکی ھاوبەش و یەکێتی خولقێنە و تەواوی موسڵمانان بە ناوی ئوممەتی ئیسلامییەوە بە دەوری تەوەرێکدا خڕ دەبنەوە  .

سەرپەیڤ