May 13, 2022 17:43 Asia/Tehran
  • رووناکییه‌ک‌ بۆ کتێبخانه‌ی کورد

پپیشانگای کتێبی تاران گەرچی لە پێتەخت دا بەرپاکراوە، بەڵام ھەوڵی داوە ھەتا تەواوی چالاکانی بواری ڕۆشنبیری لە سەرتاسەری ئێران لە ھەر مەڵبەندو پارێزگایەکەوە خڕ کاتەوە.

بنکەی ھەواڵدەریی ئیرنای ئێران لە ڕاپۆرتێکدا پەیوەست بە بەرپاکرانی پیشانگای کتێب لە نوێژگەی ئیمام خومەینی (رە)ی تارانی پێتەخت دا نووسیویەتی، لە سی و سێھەمین پیشانگای کتێبی تاران لە سەر دەرکەی ژووری پەخشکارێک بە گەورەیی نووسرا بوو: ڕووناکییەک بۆ کتێبخانەی کوردی». ئەو پەخشکارەش کە بە زمانی کوردی دەدوا، دوایین کتێبگەلێکی کە بەم زمانە شیرین و دەوڵەمەندە بڵاو کردبووەوە دەناساند.

لە ڕاڕەوێکی  ھۆڵی پیشانگاکەدا سێ پەخشکار لە پارێزگای کوردستانەوە ئامادە بوون کە لە تەنیشتی کتێبە فارسییەکاندا، کۆمەڵێک کتێبیشیان بە زمانی کوردی خستبووە بەر دیدی ھۆگران.

لەو ناوەدا خوێندکارێکی کوردزمان لاپەڕەکانی دیوانێکی شیعری کوردیی ھەڵ دەدایەوەو بزەیەکی شیرین لێوەکانی داگرت و بە چرپەوە دەستی کرد بە خوێندنەوەی دێڕەکانی نێو کتێبەکە.

پەخشکارێکی دیکەش کە لە سنەوە ھاتبوو، دەیوت: لە تەواوی ئەم دوو ساڵە ھەوڵمان دا لە گۆڕەپانی پەخش و بڵاوکردنەوەدا بمێنینەوەو ماینەوەش. لە دوا ڕۆژەکاندا توانیمان بۆ بەشداری لە پیشانگای کتێب ناومان بنووسین. زۆرێک لە بەردەنگەکان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتیی دامەزراوەکەمانەوە ئاگادار بوونەوە کە ژوورمان ھەیە و بڕیارە سەردانمان بکەن، ھەر ئەمڕۆش زۆرێک لە کوردەکانی دانیشتووی تاران ھاتن و کتێبیان لێ کڕین.

پەخشکارێکی دیکە وتی: لە ساڵێکدا نزیکەی ٥٠ کتێب بە زمانی کوردی بڵاو دەکاتەوەو بسێنەکانیشی ژانری ئەدەبی، کێژوویی و ڕۆمانیان زیاتر پێ خۆشە و دەیکڕن. گەرچی لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا فرۆشی ئۆنلاین و ناردنی لە ڕێگای پۆستیان ھەبووە، بەڵام کەش و ھەوای پیشانگاو دیدار لەگەڵ ھاوزمانە کوردەکان چێژو ئۆخژنێکی دیکەی ھەیە بۆیان.

سی و یێھەمین خولی پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی تاران لە ڕۆژی سێ شەممە بیستەمی بانەمەڕەوە بە ئامادە بوونی «موحەممەد مەھدی ئیسماعیلی» وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، وەزیری نێوخۆی وڵاتی لوبنان، چالاکان و ھەڵسوڕاوان و کاربەدەستانی بواری ڕۆشنبیریی وڵات و پەخشکاران لە ٣٠ وڵاتەوە لە نوێژگەی ئیمام خومەینی(رە) لە ئاھەنگێک دا دەستی بەکار کرد. ئەم ڕووداوە نێونەەوەییە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی ھەتا ٨ی ئێوارە میوانداری ھۆگران و بەسەرکاران دەبێت.

سەرپەیڤ