May 29, 2022 09:09 Asia/Tehran
  • ریاڵ مەدرید گەیشتە لوتکە و تۆڵەسەندنەوەی لیڤەپول ناکام مایەوە

یانەی تۆپی پێی ریاڵ مەدرید بە سەرکەوتن لە بەرامبەر لیڤەپوڵ لە فیناڵی لیگی پاڵەوانانی ئەوروپا لە وەرزی 22-2021 رەقەمی پێوانەیی خۆی وەک پڕ شانازی ترین یانەی ئەم یاریانە مسۆگەر کرد .

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە یاریگای  ئێستادە فرانسی شاری پاریس لە نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوڵ و ریاڵ مەدرید یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی 22-2021  بەڕێوەچوو، کە بە بردنەوەی 1-0 بۆ یانەی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.
 

تاکە گۆڵی یارییەکە لە خولەکی ٥٩ لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆرەوە بە گەیاندنێکی فێدریکۆ ڤالڤێردی تۆمارکرا.

یارییەکە بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە نزیکەی ٤٠ خولەک دواکەوت (گرووپێکی گەورەی هاندەرانی لیڤەرپوڵ بەبێ بلیت چوونە ناو یاریگاکە و لە دەرەوەی یاریگاکەش پێکدادان لەنێوان هاندەرانی دوو تیپەکە روویدا و پۆلیس ناچاربوو گازی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنێت).

بەم شێوەیە  ریاڵ مەدرید  بە سڕینەوەی چێڵسی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی دا  و لە قۆناغی پێش کۆتایی دا یانەی مانچستەر سیتی ،  سێیەمین یانەی بەریتانی لە گەیشتن بە ناسناوی پاڵەوانەتیی ناکام ھێشتەوە وخۆی بۆ چواردەهەمین جار گرنگترین پاڵەوانێتی یانەکانی جیهانی بردەوە .

ئەمە نۆیەمین یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و لیڤەرپوول بوو لە چامپیۆنزلیگ (جامی یانەکان) کە بە پێنجەمین شکست بۆ نوێنەری ئینگلتەرا کۆتایی هات.

بەم سەرکەوتنە کارلۆ ئەنچیلۆتی سەرۆکی ڕاهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەم تیپەدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، لەکاتێک دا دووانەی خۆی لەگەڵ یانەی گالاکسی تەواو کرد، بووە یەکەم ڕاهێنەر لە مێژوودا کە چوار جار نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.

سەرپەیڤ