جۆش و خرۆشی هاندەرانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول لە هەولێر
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەرهەنگی_هونەری_وەرزشی-i408330-جۆش_و_خرۆشی_هاندەرانی_ریال_مەدرید_و_لیڤەرپوول_لە_هەولێر
شاشە گەورەکانی چایخانە و کافێیەکانی شەقامی ئیسکان سەدان هاندەری یانەکانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول'یان کۆکردەوە کە بە جۆش و خرۆشەوە سەیری یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپایان دەکرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 29, 2022 12:02 Asia/Tehran
  • جۆش و خرۆشی هاندەرانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول لە هەولێر

شاشە گەورەکانی چایخانە و کافێیەکانی شەقامی ئیسکان سەدان هاندەری یانەکانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول'یان کۆکردەوە کە بە جۆش و خرۆشەوە سەیری یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپایان دەکرد.

بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسی ئەنەدۆڵ ، شەوی رابردوو لە میانی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (UEFA Champions League) لەنێوان ریال مەدریدی ئیسپانی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە یاریگای ستاد دێ فڕانس لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی هەردوولا لە شاری هەولێر، شاشە گەورەکانی چایخانە و کافێیەکانی شەقامی ئیسکانیان هەڵبژارد بۆ سەیرکردنی یارییەکە.

لەگەڵ گەیشتن بە چرکەکانی کۆتایی یاریی نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول، هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول بێ ئومێدییان پێوەدیار بوو بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید گۆڵێکی تۆمار کردبوو، ئەمەش وای کرد هاندەرانی ریال مەدرید بە جۆش و خرۆشەوە بڕژێنە سەر شەقام و ئەمەش هاندەرانی لیڤەرپوولی توڕە کرد، هەر بۆیەش گرژی لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەکە دروست بوو.

گرژییەکە بە چەپڵە و فیکە لێدان دەستی پێ کرد و دواتر هاندەرانی هەردوولا، دەبەی ئاوی خواردنەوەیان گرتە یەکتر و بە دەیان دەبەی ئاو بە درێژایی شەقامەکە لە ئاسمان و لەسەر زەوی دەبینران و دوای چەند خولەکێک گرژییەکان کۆنترۆڵکران.

شەقامی ئیسکان شەقامێکە دەکەوێتە گەڕەکی ئیسکان لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر، شەقامەکە زیاتر تایبەتمەندە بەبوونی خواردنگەی خێرا و چایخانە، ئەم شەقامە بە درێژایی شەو و رۆژ کراوەتەوە، بەھۆی بوونی کۆمەڵێک چایەخانە و کافێ، گەنجان بۆ بینینی یارییەکانی تۆپی پێ لەو شەقامە کۆدەبنەوە، بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی دروستکردنی شەقامەکە بۆ ساڵی ١٩٥٩ دەگەڕێتەوە.