حوزه‌یران 19, 2022 17:18 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی پیرەمێردە

لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 1950 تۆفیق کوڕی مه‌‌حمود ئاغا، کوڕی هه‌مزاغای مه‌سره‌فه ناسراو بە پیرەمێرد ، شاعیر و رۆژنامەوان و وەرگێڕی گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد .

پیرەمێرد ساڵی 1876دا له شاری سلێمانی له گه‌ڕه‌کی "گۆیژه" له‌دایکبووه.

پیره‌مێرد هه‌روه‌کو شێوازی حاجی قادری کۆیی و نالی و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و زێوه‌ر، مزگه‌وتا و مزگه‌وت ‌و شاربه‌شار گه‌ڕاوه ‌و له‌ هه‌ر شوێنک ماوه‌یه‌ک ماوه‌ته‌وه.

پاش ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی مزگه‌وته‌کانی شاری سلێمانی گه‌ڕاوه ئه‌وسا ڕووی کردۆته مزگه‌وته‌کانی شاری بانه‌ .

له ساڵی 1898دا له‌گه‌ڵ شێخ سه‌عید حه‌فیدا (باوکی شێخ مه‌حمودی قاره‌مان) چووه بۆ تورکیا، بۆ ساڵی دوایی شێخ سه‌عید و تۆفیق پێکه‌وه چوون بۆ مه‌که بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانی حه‌ج به‌جێبهێنن، له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ تورکیا سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا و وه‌فایی شاعیریشیان له‌گه‌‌ڵ ئه‌بێ،  میرزا رەحیمی سابڵاخی (وه‌فایی)  له‌ڕێگا کۆچی دوایی کردووه، به‌م ‌پێ‌یه تۆفیق بووه به‌ حاجی تۆفیق.

‌حاجی تۆفیق له نووسینی فارسیدا ده‌ستێکی زۆر باڵای هه‌بووه وه‌کو ئه‌ڵێن له‌و کاته‌دا مه‌گه‌ر ته‌نها (سلێمان به‌گ)ی باوکی مامۆستا گۆران، ئه‌وه‌ی به نووسه‌ری فارسی به‌ناوبانگ بووه، له ئاستی پیره‌مێرد له‌ فارسیدا شاره‌زایی بوبێت.

له ساڵی 1899دا فه‌رمانی شاهانه‌ی بۆ ده‌رئه‌چێت و ئه‌کرێت به ئه‌ندامی کۆنگره‌ی باڵا له ئه‌سته‌مبوڵ و پله‌ی به‌گیه‌تی پێده‌به‌خشرێت، له‌و ماوه‌یه‌دا به هۆی "عزه‌ت پاشا"وه پیرمێرد ئه‌چێته قوتابخانه‌ی یاسا و بڕوانامه‌ی یاساناسی له‌وێ وه‌رئه‌گرێت.

پیرەمێرد لە ژیانی دا رۆژنامەکانی کورد ، ژیان و  ژین –ی دەرکردووە و چاپخانەیەکیشی دامەزراندووە بە ناوی چاپخانەی ژین .

سەرەنجام دوای ئەوەی لە ئەستەموڵ دەگەڕێتەوە ،  تا دواهه‌ناسه‌ی ژیانی به ڕۆژنامه‌گەریەوە  خه‌ریک بووه، تا له 19ی حوزەیرانی 1950 لە شاری سلێمانی کۆچی‌ دواییکردوه‌ و له‌سه‌ر خواستی خۆی له‌گردی مامه‌یاره، ئه‌وه‌ی جاران مه‌ڵبه‌ندی ئاهه‌نگ گێڕانی جه‌ژنی نه‌ورۆزی بوو، به‌را‌نبه‌ر به ئه‌رخه‌وانه‌کانی گردی سه‌یوان بووه و له‌وێدا نێژراوه‌ و بووه به‌هاوده‌می مامه‌یاره.

ھۆنراوەی نەورۆز کە ئێستا وەک سرودێکی نەتەوەیی تایبەتی نەورۆز و سەری ساڵ سەیر دەکرێ، لە دانانی پیرەمێردە .

دیوانی پیرەمێرد لە دوو بەرگ دا و پەندەکانی پیرەمێرد ، دوو بەرھەمی نەمر و یادگاری زێڕینی ئەون .

 

 

سەرپەیڤ