حوزه‌یران 26, 2022 18:35 Asia/Tehran
  • 5ی پوشپەڕ ، کوژانەوەی مۆمی لوتکەی ئاواز و گۆرانی کوردیی ، زیرەکی نەمر

5ی پوشپەڕی ساڵی 1351 ی ھەتاوی ( 1972) لە نەخۆشخانەیەکی سادە و ساکاری شارە خنجیلانەی بۆکان ، دەنگێک پڕ لە ئاواز و گۆرانی رەسەن کپ بوو ، بولبولێکی باخی ھونەری موسیقا ، بۆ ھەمیشە لە چڕین کەوت

هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ‌ لەگۆرانە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەکەی زیرەک دەگرن.زیرەک هونەرمەندێکی ئەوەندە مەزنە کە لەماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بووە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوە‌و دڵی ملیۆنەها کوردی ( بگرە غەیرە کورد) داگیر کردووە.

ئەو گەنجینە گۆرانی‌و هونەرە رەسەنەی حەسەن زیرەک لەژیانیدا پێشکەشی کوردی کردوە بارتەقای هەمو ئەو گۆرانییانەن کە بەدرێژایی مێژووی کورد پێش زیرەک بەرهەمهاتوون.

 

زیرەک کە لەژیانیدا بەردەوام لەجێگۆڕکێدا بوە لەنێوان شارەکانی کوردستانی ئێران ‌و  کوردستانی عێراق ‌و بەغداو تاراندا، بەشێکی گرنگی گۆرانییەکانی لەو دانیشتنانەدا وتووە کە لەشاری سلێمانی تۆماری کردوون و هەم هەڵبەست‌و هەم ئاوازەکەشی هی خۆی بوون.  

زیرەک لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢لەتەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات‌و لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت.یادی سەوز و گیانی شاد و ئاسوودە بێ .

سەرپەیڤ