ته‌مووز 22, 2022 20:24 Asia/Tehran
  • بەڵگەفیلمی «ژیان»ی کەناڵی سەحەری کوردی جارێکی تر درەوشانەوەی بە خۆیەوە بینی

بەڵگەفیلمی «ژیان»ی کەناڵی سەحەری کوردی لە فستیڤاڵی «ئەلغەدیر» لە بەغدای پێتەختی عێراق درەوشایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بەشی پەیوەندیی گشتیی کەناڵی سەحەری کوردی، بەرنامەی «ژیان» لەو بەڵگەفیلمانەی کەناڵی ئاسمانیی سەحەرە کە لە سیانزەھەمین خولی «فستیڤاڵی ئەلغەدیر» لە بەغدا خەڵاتی باشترین بەرنامەی بەڵگەمەندی توێژکارانەی بردەوە.

ئەم بەرنامەیە کە ڕەوتی ژیانی ئافرەتێکی کورد ھەر لە چرکەساتی لە دایک بوونیەوە ھەتا بە تەمەن گەییشتنی پیشان دەدات، لە ڕاستی دا دەربڕی داب و نەریت و کلتووری کۆمەڵگای کوردەوارییە کە بە ھۆی دیمەنی بێ دەنگەوە بۆ ماوەی بیست خولەک پیشان دەدرێت کە ئەمەش لەو تەوەرە ھەرە  گرینگ و بەرچاوانەی بەڵگەفیلمەکەیە. 

«فستیڤاڵی ئەلغەدیر» بە بەشداریی بەرھەمی سینەماو تەلەفزیۆنی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوانە میسر ، تونس، ئەلجەزایەر، ڕووسیا، لیبی، تورکیا، لوبنان ، سووریا، ئێران، عێراق، ئەفغانستان، کوێت، یەمەن و ئاڵمان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە بەغدا بەڕێوە چوو.

ئەم فستیڤاڵە ڕۆژی ھەینی بە ناساندنی براوەکانی لە بەشە جۆربەجۆرەکانی کۆتایی پێ ھات.

سەرپەیڤ