ئاب 10, 2022 14:13 Asia/Tehran
  • کۆچی دوایی «ھوشەنگی ئیبتیھاج» شاعیری ناوداری ئێرانی

مامۆستا «ھوشەنگی ئیبتیھاج» ناسراو بە «سایە» شاعیرو لێکۆڵەری ناوداری ئێرانی لە تەمەنی ٩٤ ساڵان دا کۆچی دوایی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «یەلدا ئیبتیھاج» کچی «ھوشەنگی ئیبتیھاج» بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە لە ئینیستاگرام دا ھەواڵی کۆچی دوایی باوکی بە دێڕە شیعرێکی «عومەری خەیام» ڕاگەیاند.

مامۆستا «ھوشەنگی ئیبتیھاج» ژوئیەی ڕابردوو لە بەر نەخۆشیی گورچیلە لە نەخۆشخانەیەکی شاری «کۆڵن»ی ئاڵمانیا خرایە بەر چارەسەری.

«ئەمیر ھوشەنگی ئیبتیھاج» لە ٢٩ی فڤریەی ١٩٢٨ لە شاری ڕەشتی باکووری ئێران لە دایک بوو. باوکی «ئاقاخانی ئیبتیھاج» لە پیاوانی ناوداری ناوچەکە بوو کە ماوەیەک سەرۆکی نەخۆشخانەی «پورسینا»ی شاری ڕەشت بوو.

باپیریشی واتە «ئبیراھیم ئیبتھاج» خەڵکی گورگان و نەنکیشی ھەر خەڵکی ڕەشت بوو.

ماڵە خۆکەسیەکەی «سایە» لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ناوی «ئەرخەوان» لە لایەن ڕێکخراوەی کەلەپووری فەرھەنگییەوە تۆمار کرا.

ھۆی ئەم ناودێر کردنەش بوونی دارە ئەرخەوانێکی بەناوبانگ لە حەوشەی ئەم ماڵەدایە کە مامۆستا«سایە» ھەڵبەستە ناودارەکەی «ئەرخەوان»ی بۆ داناوە.

ئەویش ھەر وەکو شاعیرانی ھاوچەرخی «نیما» لەوانە «شەھریار» سەرەتا ھەوڵی دا ھەتا ڕێبازی «نیما» بگرێتە بەر، کەچی دوای ماوەیەک ڕێبازی شیعریی خۆی لە «نیما» جیا کردەوەو دەستی کرد بە ھۆنینەوەی «غەزەڵ».

لە گرینگترین بەرھەمەکانی بەڕێزی ساغ کردنەوەی غەزەڵەکانی «حافیز» لەژێر ناوی «حافیزلە ئەنجامی ھەوڵی سایە»یە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٤ دا بڵاو بووەوە.

مامۆستا«سایە» ساڵانێکی زۆری بۆ توێژینەوە و حافیزناسین تەرخان دا بەرھەمی ئەو ھەوڵە بێ وچان و ئەوینەی بەرامبەر بە حافیزی  لیسانولغەیب و غەزەڵ بێژی گەورەی ئێران لە پەڕتوکێک دا خڕ کراوەتەوە کە لە پێشەکییەکەی دا پێشکەشی ھاوژینەکەی کردووە.

«سەراب» یان «لەیلان» یەکەم کۆمەڵە شیعری مامۆستا «ھوشەنگی ئیبتیھاج» ناسراو بە «سایە»یە کە بە چەمک و واتای ھەڵبەستی نوێ دانراوە.

سەرپەیڤ