ئاب 23, 2022 19:57 Asia/Tehran
  • ھونەرمەندی «ھەزار دەنگ»ی کرماشانی و خاوەنی گەرووی زێڕین لە دەنگ کەوت

مامۆستا «مەنوچیھری ئیسماعیلی» ھونەرمەندی ناوازەی کرماشان و پێشەنگی بواری دۆبلاژی ئێران کە بە پیاوی «ھەزار دەنگ» ناودار بوو، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،مامۆستا «مەنوچیھری ئیسماعیلی» شەوی ڕابردوو لە ماڵەکەی دا لە بەر وەستانی دڵ ماڵئاوایی لەژیان کرد.

مامۆستا«مەنوچیهر ئیسماعیلی» ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣١٨ لە شاری کرماشان لەدایک بوو. ئەم دۆبلۆرە ناوازەیە گەلێک فیلمی بە فارسی وەرگێڕاوەو سەرپەرەشتیی وەرگێڕان و دەنگ لەسەر دانانی زۆر فیلمی ئێرانی و بیانیشی  بە ئەستۆ بووە.

«مەنوچیهر ئیسماعیلی» گەلێک ناودارو بلیمەت بوو بەوەی کە لە باتی چەندین ئەکتەر بە دەنگی جۆربەجۆر لە یەک فیلم دا قسەی دەکرد بێ ئەوەی ھیچکام لە دەنگەکانیشی لەیەک بچن. بە تایبەت لە زنجیرەی «ھەزار دەستان»دا ھاوکات لە باتی شەعبان (موحەممەد عەلی کەشاوەرز»، ڕەزا تفەنگچی «جەمشید مەشایەخی»، خانی واڵا «عیززەتوڵڵا ئینتیزامی» و جەمشیدی لایق قسەی کردووە.

«مەنوچیهر ئیسماعیلی» دۆبلاژی بەرھەمی سینەمایی زۆریشی لە پێشینەی پڕۆفشناڵی خۆی دا تۆمار کردووەو لەوانە لە باتی «ئانتۆنی کوێن» لە ڕۆڵی حەزرەتی حەمزە لە فیلمی موحەمەد ڕەسولەڵڵا «ئەلڕیسالە» قسەی کردووە.

«مەنوچیهر ئیسماعیلی» ھەروەھا ڕۆڵی زۆرێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی جیھان لەوانە «ستیڤ مەک کوێن»، «ھامفری بۆگارد»، «چاڵتۆن ھیستۆن» و «کێرک داگڵاس» وەرگێڕاوە.

لە نێو ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێرانیش کە وەرگێڕانی ڕۆڵەکانیانی بە ئەستۆ بووە، دەکرێ ئاماژە بکرێتە قسە کردن لە باتی «بیھروز وسوقی»لە فیلمی جۆربەجۆری وەک «قەیسەر»، «داش ئاکۆل» ، «ڕەزا مۆتۆری»، «جەمشید مەشایخی» لە فیلمەکانی «قەیسەر» و «کەمالولموڵک»، «داریوش ئەرجومەند» لە درامای «ئیمام عەلی(ع)» و فیلمی «ناخودا خورشید».

لوتکەی ھونەرنواندنی مامۆستا «مەنوچیهر ئیسماعیلی»لە فیلمی «دایک»ی نەمر «عەلی حاتەمی» بوو کە ھاوکات لە باتی سێ ئەکتەر واتە «موحەممەد عەلی کەشاوەرز»،«جەمشید ھاشم پوور» و «ئەکبەری عەبدی» قسەی کرد بوو...... ڕۆحی شاد.

سەرپەیڤ