تشرینی دووه‌م 05, 2022 15:45 Asia/Tehran
  • فستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی فەجر بە بەشداریی ٩ پارێزگای وڵات لە کرماشان دا بەرپا دەکرێت

پارێزگاری کرماشان بە دەربڕینی ئەمەی کە فستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی فەجر بە بەشداری ٩ پارێزگای ئەم وڵاتە لە شاری کرماشان بەڕێوە دەچێت،وتیشی: ئەم فستیڤاڵانە بووژێنەرەوەو هیوابەخشن و ئێمەش لەم بەرنامانە بە مەبەستی پەرە پێ دانی گەشاوەیی و ھیواو فەرهەنگ لەنێو خەڵکدا پشتگیری دەکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ «بەهمەن ئەمیری موقەدەم» شەوی ھەینی لە کۆبوونەوەی هەماهەنگیی فستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی لە شاری کرماشان کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی هونەرە نمایشییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی شەهید «قەلیوەند»ی پارێزگاکە بەڕێوەچوو،وتی: کرماشان بە لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگی دەوڵەمەند و دینامیکی و هەروەها خەڵکی میواندۆست و گەرم و گوڕ، پارێزگایەکی زۆر گونجاوە بۆ بەڕێوەچوونی فستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی قورئانی، فەرهەنگی، هونەری و وەرزشی.

ناوبراو بە ئاماژە بە کاریگەریی بەرنامە کولتووری و هونەرییەکان لە کۆمەڵگادا ڕایگەیاند: هونەرمەندان و کەسانێک کە لە بواری شانۆدا کار دەکەن دەتوانن زمانی پاراوو گوێزەرەوەی کلتوورو فەرھەنگ بن بۆ بەڕاستی ئەم چینە کاراو کاریگەرن.

«بەهمەن ئەمیری موقەدەم» بە ئاماژەدان بەوەی کە کرماشان پارێزگایەکی مێژوویی و فەرهەنگییە و ئێمە بە جددی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی فەجر لە کرماشان دەکەین، وتیشی: ڕاگەیاندن و بانگەواز کردنی بەربڵاو بە مەبەستی ئاگادار کردنەوەی خەڵک بە تایبەت چینی لاو و تازەلاوان لەم ڕووداوە گرینگەی کرماشان پێویستە.

شایانی باسە فستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی فەجر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە بەشداریی هەریەک لە پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەردەبیل، هەمەدان، کوردستان، خوزستان، قەزوین، زەنجان و ئیلام لە شاری کرماشان بەڕێوەدەچێت.

سەرپەیڤ