تشرینی دووه‌م 15, 2022 05:19 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: هەوڵەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی دەتوانێت هاوپشتیی نیشتمانی بەهێزتر بکات

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە دوژمنان و ناحەزان بە نیازن سەرکەوتنەکانمان لێ تاڵ بکەن، وتی: هەوڵەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵات دەتوانێت هاوپشتیی نیشتیمانی بەهێزترو دوژمنان ھیوابراو بکات.

هەڵبژاردەی ئێران لەگەڵ بەریتانیا، وێڵز و ئەمریکا لە کۆمەڵەی (B)ی مۆندیالی قەتەردا لە یەک گروپ دان.

یەکەم یاریی ئێران لە ٢١ی تشرینی دووھەمی ٢٠٢٢ بەرامبەر بەریتانیا ئەنجام دەدرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی»، سەرۆک کۆماری ئێران دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە ئاھەنگی بەڕێ کردنی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران بۆ بەشداری کردنی پڕلە شانازی لە مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر وێڕای ستایشی ھەوڵەکانی کادێری ھونەری بۆ ئامادەکردنی تیپەکە، وتی: ھانە،زەوق و بوێری، گرنگترین تایبەتمەندی وەرزشوانانی ئێرانی لە مەیدانە جۆربەجۆرەکانی وەرزش دایە کە دەبێ سوپاسبێژی خوداوەند بین لە بەر ئەم نیعمەتە گەورەیە.

سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران وتیشی: ئێستا کە خودای مەزن لە بەر ھەوڵی بێ وچانتان نیعمەت و شانازیی گەورەی لە بەر کردنی دریسی تیپی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێ بەخشیون، بە هەوڵی دوو هێندە ئەم نیعمەتە گەورەیە لە ئاراستەی دڵخۆشکردنی نەتەوەی ئێران بەکار بێنن.

ڕەئیسی پشت بەستن بە خودای مەزنی وەک نهێنیی سەرکەوتن لە بوارو مەیدانە سەختەکاندا پێناسەکردو ڕایگەیاند: کاتێک کە دڵخۆش کردنی نەتەوەی ئێران و ئەویندارانی ئێرانی ئیسلامی و ھەروەھا سەربەرزی و سەرفرازی بکەنە ئاسۆو مەبەست، دڵنیا بن کە خودای مەزنیش لوتف و پشتیوانیی خۆی لە ئێوە درێخ ناکات.

بەرێزی لە درێژەدا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بۆ هەڵکرانی ئاڵای پڕلە شانازیی ئەم وڵاتەو سەربەرزی و درەوشانەوەی ناوی ئێران لە دنیادا خوێنی سەدان هەزار شەهید لەسەر زەوی ڕژاوە ، وتیشی: ئەم بابەتە گرینگایەتیی پاراستنی ڕێزو پیرۆزایەتیی ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە بە دوو ھێندە.

ڕەئیسی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە، ئەوانەی وا نایانەوێت سەرکەوتن و سەربەرزیی لاوانی ئێران ببینن، بە نیازی خافڵاندن و تێکدانی وریایی و چڕبوونەوەی ئێوەن لە یارییەکاندا، وتیشی: کەوابوو لەم بوارەدا دەبێ زۆر وریا بن.

وتیشی: قەت مەھێڵن ھیچ ڕەوت و بابەتێک یارییەکانتان لێ تێک دات و تەواوی ھەوڵ و ھۆشتان لە ئاراستەی شانازی خولقاندن بۆ وڵات چڕ کەنەوە.

سەرپەیڤ