کانونی یه‌که‌م 01, 2022 21:19 Asia/Tehran
  • پێشبینیی ناسا سەبارەت بە نوقم بوونی شارە کەنارییەکانی ئەمریکا

ناسا پێشبینیی کردووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان تا ساڵی ٢٠٥٠ کەناراوەکانی ئەمریکا ژێرئاو دەخات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا ، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئیدارەی نیشتمانیی ئاسمانەوانی و گەردوونگەڕیی ئەمریکا (ناسا) ئەوەی دەر خستووە کە پێشبینی دەکرێت ئاستی دەریاکان لە گردوپەڕی ئەمریکا لەوەی کە پێشتر بیری لێدەکرایەوە،خێراتر بەرزبێتەوە.

توێژینەوەکە ئەوە پیشان دەدات کە شارە نزمەکانی کەنار دەریاکان لە ئەمریکا ڕەنگە لە دەیەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بەرەوڕووی لافاو ببنەوە.

بەپێی توێژینەوەکە کە سێ دەیە چاودێریی مانگی دەستکردی شیکاری کردووە، ئاستی دەریاکان بەدرێژایی کەناراوەکانی ئەمریکا دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٥٠ بەڕێژەی ١٢ ئینج (٣٠ سم) بۆ سەرتر لە هێڵەکانی ئێستای ئاوەکە ھەڵکشێت.

بەپێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری «پەیوەندییەکانی زەوی و ژینگە _ Earth & Environment Communications» بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت کەناراوەکانی کەنداو و باشووری ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەو ڕووداوەوە زیانێکی زۆریان بەربکەوێت و پێدەچێت لەداهاتوویەکی نزیکدا تووشی زیادبوونی زریان و لافاووھەڵکشان و داکشانی دەریا بەخۆیانەوە ببینن.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەری زۆرە لە٣٠ساڵی داهاتوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی دەریاکان کاریگەری لەسەر کەناراوەکانی ئەمریکاش دابنێت.

سەرپەیڤ