کانونی یه‌که‌م 02, 2022 20:29 Asia/Tehran
  • «نا»ی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی مەغریب بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیی

هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی مەغریب دوای بردنەوەی لە کەنەدا و ھەڵکشان بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال، ئاڵای فەلەستینیان شەکاندەوە.

مۆندیاڵی تۆپی پێی ٢٠٢٢، بیست و دووھەمین مۆندیاڵە کە لە ٢١ی نۆڤەمبەرەوە ھەتا ھەژدەی دیسامبەر بە میوانداریی قەتەر خەریکە بەڕێوەدەچێت.

لەم خولەی کێبەرکێکاندا، سەرەڕای هەوڵی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی، ئەو پەیامنێرە ئیسرائیلیانەی کە لە قەتەردان، گەلێک جار لە لایەن خەڵکەوە تەریک خراونەتەوەو کەس ئامادە نەبووە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکات، ئەمەش بابەتێکە کە دەربڕی بێزاری لە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی و پشتیوانی لە نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستینە.

لەم پێوەندییەدا و بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلعالەم، لە درێژەی کێبەرکێکانی مۆندیاڵی تۆپی پێی ٢٠٢٢دا، ھەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریب بە ئەنجامی دوو بە یەک لە کەنەدای بردەوەو بۆ قۆناغی دواتر ھەڵکشا ھەتا دوای مۆندیالەکەی ساڵی 1986 جارێکی دیکە ئەم شانازییە دووبارە بکاتەوە.

یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب لە کاتی بە جێ ھێنانی سوژدەی شوکر،بە شەکاندنەوەی ئاڵای فەلەستین خۆشحاڵیی خۆیانیان دەربڕی.

مەغریب ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی واژۆ کردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەمریکا سارای ڕۆژئاوا وەک بەشێک لە خاکی مەغریب بە فەرمی دەناسێت و مەغریبیش ڕەزامەندیی لەمەڕ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل دەربڕیوە.

جەماوەری مەغریب گەلێک جار بە هاتنە سەر شەقامەکان و گردبوونەوە و سووتاندنی ئاڵای ڕژێمی زایۆنی ، دژایەتیی خۆیانیان بۆ ئەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەربڕیوەو خوازیاری کۆتایی هاتنی ئەم پرۆسەیەن.

سەرپەیڤ