کانونی یه‌که‌م 14, 2022 18:48 Asia/Tehran
  • مانگی دەستکردی «خەیام»، دەستپێکێک بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی پیشەسازیی گەردوونگەڕیی نێوان ئێران و ڕووسیا

سەرۆکی ئاژانسی گەردوونگەڕیی ڕووسیا وتی: هەڵدانی سەرکەوتووانەی مانگی دەستکردی «خەیام» بە هاوکاریی ئێران و ڕووسیا سەرەتای پەرەپێدانی هاوکاریی پیشەسازیی گەردوونگەڕیی نێوان دوو وڵاتە.

خولی نوێی دانوستانەکانی ڕێکخراوی گەردوونگەڕیی ئێران و ئاژانسی گەردوونگەڕیی ڕووسیا لە یازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازیی گەردونگەڕیی و ئاسمانەوانیی ئێران لە دوورگەی کیش (باشووری ئێران) دەستی پێکرد؛ لەم پێشانگایەدا ٩٠ کۆمپانیا لە وڵاتانی ئێران، ڕووسیا، چین، ئەسیوپیا و وڵاتانی دیکە ئامادەن و لە ١٣ تا ١٦ی دیسامبەر دوایین دەستکەوتەکانی بواری پیشەسازیی ئاسمانەوانی پێشکەش دەکەن.

هەروەها لە پەراوێزی ئەم پێشانگایەدا وۆرکشۆپی ڕاهێنانی هاوبەش لە نێوان ئێران و ڕووسیا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک دیزاین و چێکردنی مانگی دەستکرد و پرۆسێسی داتاکانی مانگی دەستکرد بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی بەئەزموون لەم بوارەدا بەڕێوە دەچێت.

لەم پێوەندییەدا و بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «بۆری بۆریسۆڤ»، سەرۆکی ئاژانسی گەردوونگەڕیی ڕووسیا ، ڕۆژی سێشەممە، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازییە گەردوونگەڕی و ئاسمانەوانییەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەمە یەکەم ئەزموونی ئاژانسی گەردوونگەڕییە لە پێشانگای کیش دا، وتی: بە سەرنجدانی کارلێکی مێژوویی نێوان ئێران و ڕووسیا، ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئاگاداربوون لە دەستکەوتەکانی ئەم فیدراسیۆنە لە بواری زانست و تەکنەلۆژیای گەردوونگەڕی.

سەرۆکی ئاژانسی گەردوونگەڕیی ڕووسیا ڕایگەیاند کە پیشەسازیی گەردوونگەڕی یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووریی وڵاتان و جەختی لەوەش کردەوە کە، مانگی دەستکردی «خەیام» کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بەرفراوان بە بەکارھێنەرانی پێشکەش دەکات و هیوادارین ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە ببێتە سەرەتایەک بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان پیشەسازیی گەردوونگەڕیی نێوان هەردووک وڵات.

سەرپەیڤ