کانونی یه‌که‌م 22, 2022 19:44 Asia/Tehran
  • زیانی چەند ملیۆن یۆرۆیی کۆمپانیای یوتێلسات بەهۆی ڕاگرتنی کەناڵەکانی ئێران و ڕووسیا

کۆمپانیای سەتەلایتی یوتێلسات بەهۆی پەخش نەکردنی بەرنامەکانی ئێران و ڕووسیا لە ڕێگەی ئەم مانگە دەستکردەوە، زیانێکی چەند ملیۆن یۆرۆیی لێ دەکەوێت.

کۆمپانیای سەتەلایتی فەرەنسیی «یۆتێلسات» دوای چەند حەوتەیەک لە سەپێندرانی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بەسەر ئێراندا، پەخشی کەناڵی هەواڵدەریی ئینگلیزی زمانی «پرێس تیڤی»ی ڕاگرت. یەکێتیی ئەورووپا ١٤نۆڤەمبەری ٢٠٢٢، بە بیانووی پشتیوانی لە دیموکراسی، کەناڵی تەلەفزیۆنیی «پرێس تیڤی»ی بە زمانی ئینگلیزی و دوابەدوای ئەوەش چالاکییەکانی دیکەی پەیوەست بە پەخشی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانە کەناڵی ئاسمانیی سەحەری ھاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی و ڕێکخراوەی ئێرانی بایکۆت کردووە.

هاوکات کۆمپانیای یوتێلساتی فەرەنسی ڕایگەیاند کە دوابەدوای ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە ئێران و ڕووسیا، ئەو کۆمپانیایە نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن یۆرۆ لە داهاتی ساڵانەی خۆی لە کیس دەچێت.

ئەم کۆمپانیا سەتەلایتیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە پەخشی سێ بەرنامەی ڕووسی و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی پەخشی پێوەندیدار بە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگرتووە.

کردەوەی کۆمپانیای سەتەلایتی یوتێلسات لە مەڕ ڕاگرتنی پەخشی بەرنامەکانی کەناڵی هەواڵدەریی «پرێس تیڤی» بە زمانی ئینگلیزی کە کردارێکی بە پێچەوانەی پرەنسیپی ئازادیی میدیاییە، بۆ بەشی دەرەوەی سنووریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران شتێکی تازە نییە، چونکە لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەدا گەلێک جار بە بیانووی پوچەڵ و بێ ناوەڕۆک لەلایەن کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی سەتەلایت لەژێر گوشارو پاڵەپەستۆدا بووە.

سەرپەیڤ