بەڕێوەچوونی ئاھەنگی یادکردنەوەی حەکیم ئەبولقاسم فیردەوسی لە زانکۆی بەلگراد
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی حەکیم «ئەبولقاسم فیردەسی» و حەکیم «عومەری خەیام نەیشابووری» لە زانکۆی بەلگراد لە سربیا بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم ئاھەنگە بە ئامادەبوونی دەیان خوێندکار و تاسەمەندانی زمان و ئەدەبی فارسی و کولتووری ئێرانی لە ئینستیتیوی لێکۆڵینەوە بۆ پەرەپێدانی کولتووری سربیا بە پاڵپشتیی ڕاوێژکاری فەرهەنگی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی فارسیی زانکۆی بەرلگراد بەڕێوەچوو.
هەروەها لەم ئاھەنگەدا پەردە لەسەر کتێبی هەڵبژاردنی شیعرەکانی شاعیرانی هاوچەرخی ئێران پاش شۆڕشی ئیسلامی کە بە پاڵپشتیی ڕاوێژی فەرهەنگیی دەزگای چاپ و پەخشی ئوکرۆنیا چاپ کرا، لادرا و وەرگێڕەکانی واتە "پێتار یانچکۆڤیچ" و "ئەلێکساندەر دراگۆڤیچ" باسی شیعری هاوچەرخی ئێرانییان کرد.
ڕۆژی ١٥ی مای (٢٥ی گوڵان) ڕۆژی حەکیم "ئەبولقاسم فیردەوسی"، نووسەر و شاعیری گەورەی ئێرانی و ڕۆژی پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی فارسییە.
حەکیم فیردەوسی لە ماوەی تەمەنی ٨٠ ساڵی خۆی دا، توانا شیعرییەکەی و خولیای زیندووکردنەوەی کەسایەتییە جێی شانازییە نیشتیمانییەکانی ئێران بووە هۆی خولقاندنی شاکارێکی گەورە بە ناوی «شانامە».
«شانامەی فیردەوسی» که نزیکەی پەنجا هەزار دێڕە ، کۆمەڵە چیرۆکی نەتەوەیی و مێژووی دێرینی پاشاکانی کۆن و پاڵەوانانی گەورەی ئێرانه ، کە کردارەکانی پاڵەوانانەیان ھاوڕێ له گەڵ فەتح و سەرکەوتن و ئازایەتی و بوێرییان باس دەکات.
بێ گومان فیردەوسی گەورەترین شاعیری فارسی زمانە و شانامەکەی بەنرخترین و ئەبەدیترین شاکاری زمان و هزرو فەرهەنگی ئێرانییە و زۆرێک لە لێکۆڵەران بە گەورەترین داستانی جیهان ناویان بردووە.
ساڵانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاھەنگ بۆ یادکردنەوەی ئەم شاعیرە فارسی زمانە لەلایەن هەوادارانی فیردەوسی لە کۆمەڵە و بازنەی ئەدەبی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهان و ئێران بەڕێوەدەچن.