May 16, 2023 11:30 Asia/Tehran
  • «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان»: خۆشەویستی بۆ نیشتمان پێش هەموو شتێکە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕێزی له ڕۆژی پاراستنی زمانی فارسی و یادی حەکیم فیردەوسی گرت و خۆشەویستیی وڵاتی له ھەموو شتێک بە ئەوبەرتر زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا نووسیویەتی، فیردەوسی ئەوەی فێری ھەمووان کرد کە خۆشەویستی بۆ بەهاکان و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و پاراستنی سەربەخۆیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

هەروەها «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» لە پەیامەکەیدا دوو بەیتی شیعرەکانی حەکیم ئەبولقاسم فیردەوسیی بڵاوکردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە "ڕۆژی پاراستنی زمانی فارسی و یادی حەکیم ئەبولقاسم فیردەوسی پیرۆز بێت.

ڕۆژی ١٥ی مای (٢٥ی گوڵان) ڕۆژی حەکیم "ئەبولقاسم فیردەوسی"، نووسەر و شاعیری گەورەی ئێرانی و ڕۆژی پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی فارسییە.

حەکیم فیردەوسی لە ماوەی تەمەنی ٨٠ ساڵی خۆی دا، توانا شیعرییەکەی و خولیای زیندووکردنەوەی کەسایەتییە جێی شانازییە نیشتیمانییەکانی ئێران بووە هۆی خولقاندنی شاکارێکی گەورە بە ناوی «شانامە».

«شانامەی فیردەوسی» که نزیکەی پەنجا هەزار دێڕە ، کۆمەڵە چیرۆکی نەتەوەیی و مێژووی دێرینی پاشاکانی کۆن و پاڵەوانانی گەورەی ئێرانه ، کە کردارەکانی پاڵەوانانەیان ھاوڕێ له گەڵ فەتح و سەرکەوتن و ئازایەتی و بوێرییان باس دەکات.

بێ گومان فیردەوسی گەورەترین شاعیری فارسی زمانە و شانامەکەی بەنرخترین و ئەبەدیترین شاکاری زمان و هزرو فەرهەنگی ئێرانییە و زۆرێک لە لێکۆڵەران بە گەورەترین داستانی جیهان ناویان بردووە.

ساڵانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاھەنگ بۆ یادکردنەوەی ئەم شاعیرە فارسی زمانە لەلایەن هەوادارانی فیردەوسی لە کۆمەڵە و بازنەی ئەدەبی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهان و ئێران بەڕێوەدەچن.

سەرپەیڤ