ئاب 24, 2023 19:06 Asia/Tehran
  • ڕوداوێکی سەر هەسارەی

بەگوێرەی بابەتێکی ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی، زانا گەردونناسەکان بەدیارنەمانی لەناکاوو چاوەڕواننەکراوی هەورەکانی هەسارەی نیپتۆن، توشی سەرسوڕمانی کردون.

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ باس لەوەدەکات، ئەو هەورە زۆرەی لەسەر هەسارەی نیبتۆن هەبوو، چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕوی لەکەمبونەوە کردوە، بەڵام لەساڵی 2019وە بەتەواوەتیی کۆتاییانهاتوەو نەماون.

بەگوێره‌ى ئەو وێنانەی کە لەلایەن تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی هابڵەوە گیراوەو لەلایەن ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی (ناسا)ەوە بڵاوکراوەتەوە، مێژوی زنجیرەی کەمبونەوەی بڕی ڕوپۆشی هەورەکانی سەر نەپتونیان نیشانداوە.

لێکۆڵینەوەکە کە لەمدواییەدا لەگۆڤاری "Icarus"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەئەگەری پەیوەندیی نێوان نەمانی هەورە زەبەلاحەکانی نیبتۆن‌و سوڕی خۆر دەکات.

زانایان دەڵێن ئەم پەیوەندییە لەنێوان هەورە فەوتاوەکانی نیپتۆن‌و خولی خۆردا "سەرسوڕهێنەرە"، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەسارەکە دورترین هەسارەی گەورەیە لەکۆمەڵەی خۆرداو تەنها 1/900ی ئەو تیشکە وەردەگرێت کە زەوی بەدەستیدەهێنێت.

نوسەری بەشداری توێژینەوەکە، ئێمکە دی پاتەر لەزانکۆی کالیفۆرنیا ڕایگەیاندوە، سەرم سوڕماوە لەوەی کە هەورەکان چەندە خێرا لەسەر نیپتۆن نەماون، بەشێوەیەکی سەرەکیی تەنها لەماوەی چەند مانگێکدا کەمبونەوەی چالاکیی هەورەکانمان بینی.

دی پاتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجامەکانیان پشتگیری لەو تیۆرییە دەکەن کە تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر کاتێک بەڕادەیەکی پێویست بەهێزبێت، ڕەنگە کارلێکی فۆتۆکیمیایی دروستبکات کە لەئەنجامدا هەورەکانی نیپتۆن دروستدەبێت.

 

 

 

سەرپەیڤ