بەم زووانە لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری (قانع)ی شاعیر لادەبرێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەرهەنگی_هونەری_وەرزشی-i421284-بەم_زووانە_لە_سلێمانی_پەردە_لەسەر_پەیكەری_(قانع)ی_شاعیر_لادەبرێت
چێنەر نزاری پەیکەرساز ، ماوەیەكە سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەری شاعیری ناوداری کورد (قانیع)ە. لەبارەی ئەو پەیكەرەوە گوتی: ئێستا کارەکە لە سەروبەندی تەواوبووندایە و بەم نزیكانە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا پێشکەش دەکرێت، ئەویش لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی شاعیر بە بواری شیعر و ئەدەبی کوردیی کردووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 12, 2023 18:05 Asia/Tehran
  • بەم زووانە لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری (قانع)ی شاعیر لادەبرێت

چێنەر نزاری پەیکەرساز ، ماوەیەكە سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەری شاعیری ناوداری کورد (قانیع)ە. لەبارەی ئەو پەیكەرەوە گوتی: ئێستا کارەکە لە سەروبەندی تەواوبووندایە و بەم نزیكانە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا پێشکەش دەکرێت، ئەویش لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی شاعیر بە بواری شیعر و ئەدەبی کوردیی کردووە.

ئەو پەیكەرسازە گوتیشی: ”جگە لەم کارەم، لەم پاییزەدا پەیکەری (ژەنەراڵی پاییز)م ئامادە دەبێ، چوار ساڵە چاوەڕێم شوێنێکی باشم بۆ دابین بکرێت، بەخۆشحاڵییەوە ئەم ساڵ بڕیارە شوێنێک بۆ دانانی ئەو پەیكەرەش دابین بکرێت، بەمەش گیانی ژەنەڕاڵ ئارام دەكەین.“

چێنەر نزار ئاشکراشی کرد: ”شانبەشانی ئەو پرۆژانەم، چەند پەیکەرێکی دیكەیشم ئامادەن، وەک دانانی پەیکەری هونەرمەندی گەورە (ئەحمەد کایە) كە کارەکانی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی دانانیداین، هەروەها كارم بۆ هەریەك لە (کەمالی، د.ئەنوەر شێخە، فەرەیدوون عەلی ئەمین، خالید پاشا)ش كردووە، پەیکەری ئەمانەش هەمووی تەواو بووە و هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند مانگە تا سەری ساڵ، بتوانم لە شوێنی شیاودا دایانبنێم.“

چێنەر نزار، هونەرمەندی پەیکەرساز، خەڵکی شاری سلێمانییە و ئێستاش هەر لەوێ دادەنیشێ، بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواو کردووە و بە پەیکەرە سەرنجڕاکێش و جوانەكانی چەندن شاری هەرێمی کوردستانی عێڕاقی رازاندووەتەوە.