ئه‌یلوول 16, 2023 14:01 Asia/Tehran
  • فیلمێكی عێراقی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار كاندید دەكرێت

فەرمانگەی سینەما و شانۆی سەربە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق، بە فەرمی فیلمی "جنائن معلقە"ی كاندید كرد بۆ پێشبڕكێی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار، كە ئەمساڵ خەڵاتەكە خولی 96مینی بەڕێوە دەچێت.

فەرمانگەی سینەما و شانۆی سەربە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، فیلمی سینەمایی "جنائن معلقە"ی بە فەرمی كاندید كردووە بۆ پێشبڕكێی خەڵاتی ئۆسكار. پێشتر ئەو فیلمە عێراقییە لە چەندان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، خەلاتی گەورەی بەدەست هێناوە.

بەپێی بەیاننامەی فەرمانگەكە، كاندیدكردنی ئەو فیلمە بۆ پێشبڕكێی ئۆسكار، دوای ئەوە دێ كە ئەمدواییە بواری سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم، گەشەی بەرچاوی لە عێراقدا بینیوە، ئەو فیلمەیش كە چەندان خەڵاتی گەورەی لە فێستیڤاڵەكانی دنیا وەرگرتووە، بۆیە وەزارەت كاندیدی كردووە بۆ ئۆسكار.

فیلمی "جنائن معلقە" لە پاڵەوانێتیی جواد شەكەرچی و ویسام زیایە، بۆ یەكەمین جار لە 2022 لە فێستیڤاڵی بوندوقیە بەشداریی كردووە، دواتریش لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان لە سوید، كۆریای باشوور، سعوودیە و ئوردن، بەمدواییەیش لە سینەماكانی عێراق لە بەغدا پێشان درا.

ئەحمەد یاسین كە دەرهێنەری فیلمەكەیە و لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بۆ من و ستافی فیلمەكە، ئەوپەڕی جێی شانازییە كە فیلمی "جنائن معلقە" بۆ پێشبڕكێی ئۆسكار لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق كاندید كراوە، خۆزگە دەخوازین خەلاتەكە ببەینەوە.

 

 

 

سەرپەیڤ