والیباڵیستێکی خەڵکی پارێزگای کوردستان چووە نێو تیمێکی ئیتاڵییەوە
بەرزان ڕەحمەتی یاریزانی بەرگریکاری ناوەڕاستی والیباڵ و یەکێک لە یاریزانە خاوەن بەهرەکانی ئەم وەرزشە، بە واژکردنی گرێبەستێکی فەرمی، بوو بە یاریزانی تیمی ئۆنجینای ئیتاڵیا.
بەرزان ڕەحمەتی والیباڵیستی تەمەن ٢٠ ساڵ و بەرگریکاری ناوەڕاستی زەوین و خەڵکی شاری قوروە کە یەکێک لە یاریزانە شاز و لێهاتووەکانی تیمی والیباڵی کوردستان بوو، گرێبەستێکی فەرمی لەگەڵ تیپی کانۆتیێری ئۆنجینای ئیتاڵی واژۆ کرد. ئەم تیمە کە دەکەوێتە شاری مۆنتیچێلی ئۆنجینا هەڵکەوتوو لە پارێزگای پیاچێنزا، بەشداری لە پێشبڕکێکانی سریی بی (Serie B) پیاوانی ئیتاڵیا دەکات و یەکێک لە یانە کۆن و خاوەن مێژینەکانە لە بواری دۆزینەوە و پەروەردە کردنی لاوانی خاوەن بەهرە. ڕۆیشتنی بەرزان ڕەحمەتی بۆ نێو والیباڵی ئیتالیا و یاریکردنی لە لیگی والیباڵی ئەم وڵاتە، ڕووداوێکی بەنرخە بۆ وەرزشی پارێزگای کوردستان و هەنگاوێکی گرنگیشە لەپێناو بەرەوپێشەوەچوونی ئەم لقە وەرزشییە و یاریزانانی لاو لەم پارێزگایەدا.