تشرینی یه‌که‌م 28, 2023 00:00 Asia/Tehran
  • شەهیدانی کورد له غەززە و کوردانی دانیشتووی فەلەستین

بەپێی لیستی بڵاوکراوەی شەهیدانی ئەم دواییەی غەززە، لانیکەم ٥٠ کەسیان پاشگری ئەلکوردیان لە ناسنامەکانیاندا هەیه که هەر بەم هۆیەشەوە ئەو بابەتە سەبارەت به پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و سەرزەوینی فەلەستین دووبارە بڵاودەکەینەوە کە پێشتر لە ماڵپەڕی سەحەری کوردی بڵاومان کردبووەوە

ئەم بابەتە ئاوڕێک لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و سەرزەوینی داگیرکراوی فەلەستین دەداتەوەو ئاوڕدانەوەیەکە لەژیانی ئەو کوردانەی کە ھێشتاش ھەر دانیشتووی ئەم ھەرێمە ئیسلامییە زەوت کراوەن کە لەمێژە بە پیلانێکی دوژمنانی ئیسلام لوویەکی شێرپەنجەیی بەناوی ڕژێمی زایونی تیای دا سەری ھەڵداوەو ھەتا ئێستاش وەک گرێ کوێرەیەک بۆ ئوممەتی ئیسلامی دێتە ئەژمار.

Image Caption

 

کورد کە عەرەب بەبێ‌ واوەکە ئەینوسێت (کرد) لەزمانی فارسیدا بە واتای، پاڵەوان، یاخود جەنگاوەر، یان چاونەترس دێت، لەکتێبی داستانی شانامەدا کە 60 هەزار دێڕ هۆنراوەیەو فردەوسی بەناوبانگترین شاعیری ئێران دایناوە، ئەڵێ‌ کوردەکان بۆیە ئەو ناوەیان لێنراوە چونکە بە چاونەترسی ناسرابوون هەر ئەمەش وایکرد مێژوونووسە فارس و عەرەبەکان هەندێکیان کوردیان ئەبردەوە سەر ڕەچەڵەکی خۆیان.

کاتێک باس لە فەڵەستین دەکرێ‌، عەرەب و کوردو مێژونووسانی جیهانیش چاویان دەچێتە سەر ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی کە به ڕەچەڵەک کورد بووەو بەئایینیش لە شوێنکەوتەی ئایینی ئیسلام بووەو، قودس لەژێر سەرکردایەتی و فەرمانڕەوایی سوپاکەی ئەودا لەدەستی داگیرکەران دەردەهێنرێ‌ و لەرێگەی خۆیەوە کار بۆ مانەوەی کوردان لەو خاکی فەڵەستین دەکات، هەربۆیە هەزاران سەربازی کورد لەشارەکانی فەلەستین نیشتەجێ‌ ئەبن بەتێپەڕبوونی کاتیش خێزان بونیاد دەنێن و ژن و ژنخوازی لەگەڵ نەتەوەوەو کەمینەکانی تری فەلەستین و قودس دەکەن.

بوونی کورد لەفەلەستین بەشێوەیەک بوو کە پەیوەندی بە ململانێی ئیسلامی‌و خاچ پەرستانەوە هەبوو لەوڵاتانی شام و میسر، ئەویش لەرۆژانی حوکمی دەوڵەتی نوری کە دامەزرێنەرەکەی نورەدین زەنکی بووەو دەوڵەتی ئەیوبی کەدامەزرێنەرەکەی سەلاحەدینی ئەیوبی بوو.

لەو سەردەمەدا کوردەکان وەک وەفد ئەڕۆشتنە شارو گوندەکانی فەلەستین و لەسەردەمەکانی دواتریشدا وەک سەردەمی دەوڵەتی مەملوکیەکان و عوسمانیەکان‌و لەژێر سەرپەرشتیاریی بەریتانیا هەتا سەردەمی نوێش ئەم ڕەوتە ھەروا بەردەوام دەبێت.

لەسەردەمی دەسەڵاتی نورەدین زەنکی و سەلاحەدینی ئەیوبیشدا، کوردەکان وەک خزمەتی سەربازی ئەنێردران بۆ فەلەستین، لەلایەن کاربەدەستانی فەلەستینیشەوە شوینی تایبەت بەخۆیان بۆ دابین دەکرا لەشارەکانی فەلەستیندا لە پێناو پارێزگاری کردن لەخاکەکەیان بەرامبەر بەجولەکە، لەو رۆژانەدا کەکوردەکان لەشارەکانی فەلەستین مانەوە ناوچەو گەرەکی تایبەت بەخۆیان لەشارەکانی وەک قودس و خەلیل و عەکاو نابلوس و غەززە دروستکرد، دواتر بەناوی کوردەکانەوە ناوبانگی دەرکرد، بۆ نموونە سەلاحەدینی ئەیوبی کوردەکانی لەشاری خەلیل نیشتەجێکرد، بەتێپەڕبوونی رۆژگار دانیشتوانەکەی ململانێی دەسەڵاتیان بۆ دروست بوو، هەربۆیە دوو بەرە بەرەی ئەیوبیەکان و بەرەی عەرەبی تەمیمی هاوپەیمانیەتیان دروستکرد، ململلانێی ئەم دوو بەرەیە بەهاوپەیمانیی چاره نەکرا، دواتر سەری کێشا بۆ پێکدادان و ناکۆکی عەشائیری و ئەم روداوە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (878) زاینی.

پێکدادان و ناکۆکی عەشائیری کۆتایی بەهاوپەیمانیەتەکە هێناو هاوپەیمانەکان چوون بەچەند لایەکدا،کوردەکان چونە شاری نابلوس و والد و خان یونس، لەسەدەی نۆزدە سوڵتان دەستێوەردانی کردو هێزی ئەیوبیەکانی لەشاری خەلیل بەتەواوی لاواز کرد، بەڵام لەشاری نابلۆس دوای ئەوەی سەلاحەدین لەدەستی جولەکە رزگاری دەکات، خوشکەزایەکی خۆی ئەکاتە کاربەدەست و دوای مردنی کوردەکانی وەکو سەیفەدین عەلی ئەحمەد هەکاری دەسەڵاتی نابلوس ئەگرنە دەست‌و زۆربەی سەربازانی سوپای مەملوکیەکانیش کوردەکان دەبن و لەنێو کوردەکانی نابلوسیشدا پسپۆڕی ئیداری و کارگێڕی زۆرباش هەبووە، هەروەک پیاوی وەرع و خاوەن کەراماتی وەک شێخ ئیبراهیم بن حەدمەی کوردی دانیشتوی گوندی سەعیر لەنێوان قودس و خەلیل که لەو کوردانە بوون لەفەلەستین لەساڵی 1329 زاینی مردون و ناویان تۆمارکراوە.

هەروەها زانای ناوداری کورد بەدرەدینی هەکاری لەئوردونەوە دێتە قودس و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ ئەبێت و نەوەکانی ماوەیەکی زۆر پێشنوێژی مزگەوتی ئەقسا ئەبن و دواتر بەخێزانی ئیمام ناوبانگ دەردەکەن.
لەشاری قودس ناوچەیەک بەناوی حارەی کوردەکان بنیات دەنرێت کە ئێستە ناوی حارەی شەرەفە.

زانایانی کوردی فەلەستین:

قودس لەمێژوی خۆیدا تەنها پێشوازیی لەسەربازی کورد نەکردووە بەڵکو پێشوازیی لەژمارەیەک زانای کوردیش کردووە،لەوانە:

١_ وەک شێخ ئەحمەد موحەمەدی کوردی بەستامی، کە زانایەکی ئەهلی تەسەوف بووەو خاوەنی قوتابخانەی پێگەیاندن و چاکەخوازی بووە لەسەر رێبازی تەسەوف، ناوبراو لەقودس ماوەتەوە تاوەکو کاتی مردنی کەدەکاتە ساڵی 1400زاینی.

٢-شێخ جوبیل کوردی کە هاوەڵی شێخولئیسلامی کەمالی بووە، هەروەها شێخ نەجمەدینی کوردیش یەکێکی ترە لەزانا ناودارەکانی کورد کە لەقوتابخانەی سەلاحیەی رێبازی تەسەوفدا وانەی وتووەتەوە.

٣-شێخ دەرباس کوردی هەکاری مامۆستای قوتابخانەی جاولیە (ئێستە لەگۆرەپانی حەرەمی قودسە) لەناوچەی قوببەت ئەلقەیمەری . (قەڵای قەیمەر)، وا دیارە نازناوی ئەو کوردانە بووە لەناوچەی موسڵ و خەڵاتەوە چونەتە قودس.

لەنێو ئەو قوبەیەدا کۆمەڵێک کاربەدەست و ئەمیری کورد نێژراون لەوانە:

ئەمیر حسامەدین ئەبول حەسەن ئەلفەواریس قەیمەری ساڵی 1250زایینی کۆچی دوایی کردووە.
ئەمیر زیائەدین موسا ئەبی فارس ساڵی 1250 زایینی کۆچی دوایی کردووە.
ئەمیر حسامەدین خزر قەیمەری ساڵی 1262 زایینی کۆچی دوایی کردووە.
ئەمیرناسرەدین ئەبول حەسەن قەیمەری ساڵی 1266 زایینی کۆچی دوایی کردووە.

شیاوی باسە تائێستەش نەوەی ئەم دەسەڵاتدارانە لەقودس ئەژین.

کوردەکان لەسوپای دەوڵەتی عوسمانیدا بۆ قودس چییان کرد؟

هەندێک لەکوردەکان کاریان لەگەڵ سوپاو هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەتی عوسمانیدا دەکرد، وەک:
ئەحمەد موحەمەد کوردی، که لەریزی ئاسایشدا کاری کردووە،
موحەمەد فەیرۆز کوردی،که لەریزی ئاسایشدا کاری کردووە
حەسەن قەواس بارزانی که لەریزی سوپادا کاری کردووە.

هەروەها تۆمارەکانی شاری یافا ئاماژە بەناوی هەندێ‌ لەکوردەکان دەدەن وەک حەسەن ئاغای کوردی که لە سەکنەت ئەشیدی یافا نیشتەجێ‌ بووەو یەکێک بووە لەسەربازەکانی سوپای عوسمانی و هەروەها ناوی بەکر ئاغای کوردی جاویش لە عەساکر، یاخود حاجی ئەحمەد ئاغای قەواسی کوردی قاتن که لەشاری رەملەی یوزباشی بەنی غازی ناویان تۆمارکراوە کە خزمەتی سەربازیان تەواو کردوە.

لەسەردەمی عوسمانیەکانیشدا لە شاری غەززە سەربازەکوردەکان ناوچەیەکی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. کاتێکیش ئەولیا چەلەبی گەشتیاری تورک سەردانی شاری سەفد دەکات لەساڵی 1671 زاینی باسیکردووە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی سەربازە کوردەکانی سەردەمی عوسمانیەکان بوون حارەیەکی تایبەت بەخۆیان هەبووە بەناوی حارەی کوردەکان نزیکەی 200 ماڵ دەبون.
ئەوەشی کەتێبینی کراوە لەسەردەمی عوسمانیەکاندا کوردەکانی دیمەشق و جەزیرە و دیاربەکر بۆ دەستکەوتنی کارو بازرگانی، یاخود وەکو فەرمانبەر و سەرباز کۆچیان کردووە بۆ ناوچە جیاوازەکانی فەلەستین.

پەیوەندی سیاسی کوردو رێکخراوی رزگاریدەری فەلەستین

پارتە کوردیەکان (بەتایبەتی پارتەکانی کوردستانی عێراق) لەگەڵ رێکخراوی رزگاریدەری فەلەستین بەسەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو یاسر عەرەفات پەیوەندی بەهێزیان هەبووە. بەشێوەیەک کە یەکەم کۆنگرە لەساڵی 1999 بۆ برایەتی فەلەستین و کورد بەستراو ئەمەش بەیەکەمین کۆنگرەی برایەتی و هاوکاری عەرەبی- کوردی دادەنرێت لەسەردەمی نوێدا، لەبەرامبەریشدا ساڵی 2000 ی زایینی لایەنی کوردی کۆمەڵەی برایەتیی کورد- عەرەبی لەهەولێری هەرێمی کوردستان کردەوە.

هۆز و بنەماڵە دیارەکانی فەلەستین:یەکەم: بنەماڵەی گەورەی ئەیوبیەکان:لەساڵی 1946 لە رێککەوتننامەی بنەماڵەی گەورەی ئەیوبیەکاندا ناوی ئەو خێزانانە باسکراوە کە نەوەی ئەیوبیەکانن و لە فەلەستین دەژین بەڵام بە ڕەچەڵەک سەربەبنەماڵەی گەورەی ئەیوبیەکانن و ئەمڕۆ بەزۆری کەوتونەتە شاری خەلیل لەو هۆزو خێزانانەش خێزانی (ئەبوخەڵەف، صلاح، هەشلەمون، تبلەت، گویس،بەیتار، حەمور، زەلوم ،حەریز، رەبیحە، بەرادعی، ئەحمەر،جوبرینی،ئەمحسین، ئەبو زەعرور،عەرعەر، حەزین، بەرقان، سەدر، فەخز ئەبوسالم، مەرقە، مەهلوس،رویشەد، ئەبو حەلاوە، حەشیم، مەتعەب، قەفیشە)ن. ئەم بنەماڵە ناودارە نیوە یاخود یەک لەسەر سێی شاری خەلیل پێکدەهێنن، هەندێک لەم خێزانانە و نەوەکانیان لەئێستادا لەشاری جەنین و نابلۆس و قودس و یافا و میسرو ئەردەن نیشتەجێن.

دووەم: خێزانی ئیمام ئێستا لە نزیکی مزگەوتی قودس نیشتەجێن، رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ زانا زیائەدین موحەمەد ئەبو عیسا هەکاری لە ئوردنەوە هاتوەتە فەلەستین و لەسەردەمی مەملوکیەکاندا لەقودس نیشتەجێ‌ بوونە، نەوەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر پێشنوێژی مزگەوتی ئەقسایان کردوەو بۆیە لەئێستادا نازناوی ئیمامیان پێدراوە.

سێیەم: ئال زەعرورلەڕووی ژمارەوە زۆرترین بنەماڵەی کوردن و رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەیوبیەکان لەعەزیریەی رۆژهەڵاتی قودس و شاری خەلیل نیشتەجێن.

چوارەم: بنەماڵەی دار مەلا یاخود (مەنلا) کوردن لەنەوەی مەلان و یاخود مەنلا عەلی دادوەری ناسیرە، لەشاری ناسیرەی کەیەکێکە لەشارە گرنکەکانی فەلەستین، نیشتەجێن.

پێنجەم: ئال سەیفلەنەوەی ئال سەیفای کوردن لەسەدەی شانزە حوکمڕانیی تەرابلوس و عەکاریان کردووە لەباکوری لوبنان، ئێستە لەگوندەکانی شوفەو کفر بەلەد نیشتەجێن.

شەشەم: ئال قەیمەریلەنەوەی دەسەڵاتدارە کوردەکان بوون لەناوچەی قەیمەری نزیکی موسڵ و خەڵات، لە کوردستانی عێراقەوە چونەتە فەلەستین و سەرەتا لە شاری خەلیل نیشتەجێ بوونە، باپیرانی ئال قەیمەریەکان لە حەرەمی قودسدا بەلیستێک ناویان نوسراوە کەلەجەنگدا شەهید دەبن، ئێستە ژمارەیەکیان لەشاری خەلیل لەناوچەی دۆران و ژمارەیەکیشیان لەپایتەختی ئوردون نیشتەجێن.

حەوتەم: ئەو خێزانانەی لەقودس نیشتەجێن ژمارەیان زۆرە لەوانەخێزانەکانی (ئەبو لوتف، کوردی، کورد، بەستامی، سائیح ....هتد).

هەشتەم: لەوخێزانە کوردانەی لەشارو گوندەکانی تری فەڵەستین نیشتەجێن بەشێک لە لەهۆزی بەشاتوەن کە لە گوندەکانی کەوکەب هەواو مەزارو بەشاتوە، لەقەزای بێسان نیشتەجێن.

نۆیەم: خێزانی ئاغا لەشاری سەفەد و خێزانی کوردی لەگوندی دێر بەلح و هەروەها خێزانی کوردی کەنفانی لەشاری عەکا و کوردی فەشەری لە شاری لەد،  بنەماڵەی لەحام لە سەوریف و زازا لە بێسان و ئەبو زوهرەی کوردی زەلوم و سائیح کە لەنابلۆس نیشتەجێن.هەروەها سێ‌ بنەماڵەی زۆر دیار کەبە باکری و عەلوە و حەسوە ناسراون و لە بنەڕەتدا خەڵکی دیاربەکری کوردستانی تورکیان و لە حەیفا نیشتەجێ‌ ئەبن و لەدوای ساڵی 1948 ئەچن بۆ ئوردون.هەندێ‌ بنەماڵەی دیکەی وەک ئال مورادی کوردی و ئاغا و زازا و بنەماڵەی کوردیش لەکەرتی غەززە بەیت لەحم نیشتەجێن.

دەیەم: بنەماڵە کوردەکانی شاری تەبەریەلە تەبەریە خێزانێکی کورد سەربە هۆزی ئیزۆلیەکان کەبەئیزۆلی کوردی سوریا ناسرابون نیشتەجێ‌ دەبن، لەلایەن بەریتانیەکانەوە یەکێک لەئاغاکانی ئەو هۆزە ئەکرێت بەموختاری تەبەریە بەناوی موحەمەد ئەیوب زازا،  بنەماڵەی بەکداشی و خەلیل کوردی و حاجی دەروێش زازا و بەکر سدقی ئاغاش لەو بنەماڵەو خێزانانە بوون کەلە تەبەریە نیشتەجێ بوون.

یانزەیەم: کوردەکانی شاری یافاتۆمارەکانی دادی شەرعی یافا کە مێژوەکەی بۆ ساڵی 1914زاینی ئەگەڕێتەوە ئاماژە بە جێگیربونی ژمارەیەک کورد دەکات لە قەزای یافا، کە کاریان لەناوسوپادا کردوە، هەندێکیان لەوناچانەدا ماونەتەوە دوای خزمەتی سەربازیشیان، لەوانەش حەسەن ئاغای کوردی کەلە ئەرشیدی یافا بوە لەسوپای عوسمانیدا کاری کردووە. ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە ئەمەیە کە ئەو کوردانەی وا لەفەلەستین مابوونەوە زۆرێکیان بەهۆی جەنگی نێوان ڕژێمی داگیرکەری زایونی و عەرەبەوە لەساڵەکانی نێوان 1948-1967 ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووەو چونەتە وڵاتانی دراوسێی فەڵەستین وەک سوریاو لوبنان و میسرو عێراق و ئوردون وهەندێ‌ دەوڵەتی تری عەرەبی ، بەڵام ئەوەی ئێستە ئەبینرێ‌ ئەوەیە کە زۆرینەی کوردەکانی نیشتەجێی فەڵەستین زمانیان بۆ عەرەبی گۆڕدراوەو ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مانەوەیان لەو وڵاتە نزیکی نۆسەد ساڵی خایاندووەو  لەگەڵ کلتووری کۆمەڵگای ھاووڵاتیانی عەرەبی خۆیاندا تێکەڵ بوونە ولە داب ونەریتی کوردەواریی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە.

سەرپەیڤ