تشرینی دووه‌م 05, 2023 09:00 Asia/Tehran

پەلامارە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە کاتێکدا پێی نایە بیست و نۆهەمین ڕۆژی خۆی لەو کاتەوە کە ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا دەست پێ بووە، کە سوپای ڕژێمی زایۆنی سەرباری نیگەرانیی نێودەوڵەتی لە ئەگەری تەشەنەی ئەم شەڕە بۆ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەردەوامە لە بۆردومان کردنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەززە.

ڕژێمی داگیرکەر پەلامارەکانی بۆ سەر ناوچەگەلێکی بەربڵاو لە کەرتی غەززە تووندتر کردۆتەوە. بەلەمی ڕاوچیانی ماسی، ئۆردوگای نەسیرات، بەردەرکەی چوونەناوەوەی نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، تاوەری ئەندازیاران و ئۆردوگای ئەلمەغازی لەو شوێنانەی بوون کە لە بیست و نۆهەمین ڕۆژی شەڕدا وەبەر پەلاماری زایۆنییەکان کەوتن. 

ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستین وتی: بە هۆی پەلاماری هێزی داگیرکەر بۆ سەر دەروازەی چوونەناوەوەی ئورژانسی نەخۆشخانەی قودس، بیست و یەک کەس ئاوارە بوون.

مانگی سووری فەلەستین پێی داگرت: وەبەرپەلاماردانی دەروازەی چوونە نێو ئۆرژانسی نەخۆشخانەی قودسی غەززە لە لایەن داگیرکەرانی زایۆنییەوە زەبروزیانێکی قورسی لێکەوتۆتەوە.

داگیرکارانی زایۆنی قوتابخانه ی  ئەلفاخورەیشیان بۆردومان کرد کە هەزاران ئاوارەی ئۆردووگای جەبالیا لە باکووری کەرتی غەززەی لە خۆدا جێ کردبوویەوە. لەم پەلامارەدا تا ئێستا پازدە کەس شەهید بوونە و زیاتر لە پەنجا و چوار کەسیش بریندار بوونە. هەواڵنێری هەواڵدەریی شەهابیش ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەران دەستیان داوەتە بۆردرمانکردنی خوێندنگەکانی ئەسەوق لە ناوەڕاستی ئۆردوگای جەبالیا، لە کاتێکدا کە دەیان ئەوارە لەوێدا پەنایان گرتبوو. سەلامە مەعرووف سەرۆکی نووسینگەی میدیا حکومییەکانی غەززەیش جەختی کرد کە داگیرکەران ئەو ئاوارانەیان بە فۆسفۆڕی سپی داوەتەوە بەر پەلامار کە لە مەدرەسەی ئەلفاخورە پەنایان گرتبوو. 

ئەم پەلامارە پاش ئەوەی ڕووی دا کە داگیرکەران خوێندنگەی "ئوسامە بن زەید"یان لە ناوچەی ئەلسەفتاوی بە گوللەی دژەتانک داوەتە بەر پەلامار کە دەیان ئاوارە ڕاستەوخۆ لە باکووری کەرتی غەززە تێیدا نیشتەجێ ببوون، کە ئەوەش بووە هۆی شەهیدبوونی بیست فەلەستینی و برینداربوونی ژمارەیەکی زیاتر. 

ئۆردووگای جەبالیا سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو وەبەر دوو کوشتاری زایۆنییەکان کەوت کە ئەو پەلامارانە شەهید و برینداربوونی زیاتر لە چوارسەد فەلەستینی بە دواوە بوو. پەلامارەکانی سوپای داگیرکەر بۆ سەر ماڵ و بنەماڵەی ئەبووحەجیلە" لە گەرەکی ئەشوجاعیەیش چوار شەهید و هەشت برینداری لێکەوتەوە. 

سوپای داگیرکەر ڕایگەیاندووە کە پەلاماری کردۆتە سەر باشووری کەرتی غەززە و لەگەڵ خەباتکارانی خۆڕاگری تێکەڵهەڵچووە. سوپای ڕژێمی داگیرکاری زایۆنی سەرلەبەیانیی شەممە لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی کرد کە هێزە زرێپۆش و ئەندازیارییەکانی لە کاتی پەلاماردانی باشووری کەرتی غەززە دەستیان داوەتە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنیگەلێک کە لە هەندێک لە ماڵ وباڵەخانەکانی ئەو ناوچەیە دانرابوون.

لە لایەکی دیکەوە میدیا فەلەستینیەکان ڕاپۆرتیان داوە کە شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان هێزەکانی خۆڕاگریی فەلەستین و هێزەکانی سوپای داگیرکەری ڕژێمی زایۆنی لە میحوەرەکانی بەیتحانوون و ئێریز لە باکووری غەززە لە ئارادایە.

فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی ڕژێمی زایۆنیش چەندین جار پەلاماریان کردۆتە  سەر شاری خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە و ناوچەی ئەلقەرارە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە.  لە پەلامارێک بۆ سەر ماڵێک لە خان یونس سێ کەس شەهید بوون. دوابەدوای بۆردومان کرانی ماڵ و بنەماڵەی ئەنەجار لە ناوچەی کەراج لە ڕەفح چوار شەهید گوێزانەوە بۆ نەخۆشخانە.

هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەر هەروەها شەقامی ئەلمەنسوورەیان لە گەڕەکی ئەشوجاعیە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە بۆردومان کرد. ماڵ و بیناکانی گەڕەکی وەک دیر البلح، خان یونس و رح و محله الزیتون و الشجاعیه و النصر  لەسەر لەبەیانی ئەمڕۆوە یەکسەر لە ژێر بۆردومانی زایۆنیەکاندان. هەروەها کۆپتەرە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیش دەستیان دایە بۆردومانکردنی شەقامی ڕەشید لە ڕۆژاوای غەززە.

سەرپەیڤ