حەماس: هەرکەس لە پشتی تانکەوە خۆی شاردبێتەوە و بێتە غەززە، ئێمە وەک خاوەن تانک چاوی لێ دەکەین
یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) لە وەڵامی ئەو پلانانەی کە بۆ غەززەی پاش شەڕ پێشنیار کراون، وتی: هەر کەسێک بیەوێت لە پشت تانکەوە خۆی بشارێتەوە و بێتە غەززە و دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە بگرێتە دەست، وەک خاوەنی تانک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
یوسف حەمدان، نوێنەری بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕۆژی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکدا لە پێتەختی جەزایر بە دروشمی "فەلەستین پاش ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا" وتی: گەلی فەلەستین، کە ئەم قوربانییە گەورانەیان داوە و خوێنیان لە غەززە ڕژاوە، ڕێبەرایەتی سیاسی یان دەسەڵاتێک قبوڵ ناکەن کە داسەپابێتە سەریان.
ئەم بەرپرسە باڵایەی حەماس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە ئاشکرا دەڵێین هەرکەسێک بێتە پشت تانکەوە، ئێمە وەک خاوەنی تانک مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و هەموو هەوڵێک بۆ سەپاندنی سیستەم و دەسەڵاتێکی سیاسیی یان واقیعێکی نوێ لە هەمبەر کۆڵنەدەریی گەلی فەلەستین و خۆڕاگریی بوێرانەی ئێمە لە غەززە تیادەچێ. ئەم سەرکردەیەی حەماس وتیشی: داهاتووی غەززە لەلایەن گەلەکەمانەوە بە خوێن و فیداکاری دەنووسرێ و خۆڕاگریی ئێمە بە چەک و قارەمانەتیی دەیپارێزێ" و کەسانی نەشیاو مافی ئەوەیان نییە باسی حکومەتی غەززە بکەن."
ئەم کاربەدەستەی حەماس وتیشی: "ئەوە مافی خودی خەڵکی غەززەیە کە ڕێبەر و سەرکردە بۆ خۆیان هەڵبژێرن کە بەرگرییان لێ بکات و پێ بنێتە شەڕی شانازی و ڕزگارییەوە.