٢٧ نەخۆشخانەی غەززە تەواو پەکیان کەوتووە
ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستین یارمەتیی بەڕێکراو بۆ کەرتی غەززەی بە کەم زانی و وشداری دا لە حاند ڕەوشی نالەباری تەندرووستی و پزشکیی ئەم ناوچەیە و ڕایگەیاند: ٢٧ نەخۆشخانە تەواو پەکیان کەوتووە.
مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاند: ئەو یارمەتییانەی بۆ غەززە نێردراوە گەلێک کەمە بەرامبەر بە کێشە و گرفتەکانی دانیشتوانی غەززە و ئێستا ئیتر بەدەستهێنانی نان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی دانیشتووانی غەززە. هەروەها سەرچاوەکانی سەر بە ئەم ڕێکخراوەیە ڕایانگەیاندووە کە مانەوەی تەرمی شەهیدان لە ژێر داروپەردوودا پیشاندەری کارەساتی تەندروستی لە غەززەیە. خزمەتگوزاریی پزشکی لە باکوری غەززە بە تەواوی ڕاگیراوە.
هەروەها وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە نیشانەپێکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی تەقەیان لە دوکتۆر «اشرف ابو مهادی» بەرپرسی بەشی دەرمانسازیی ئەم وەزارەتخانەیە کردووە کە ئەو پەلامارە بۆتە هۆی بریندار بوونی دوکتۆر ئەبوومەهادی و شۆفێڕەکەی و کەسێکی دیکە کە برینەکەشیان کارییە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بە ئاماژە بەوەی کە سەربازانی "ئیسراییلی" تەنانەت تەقەیان لەو ئەمبوڵانسەی کردووە کە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان هاتبوو، ئەو جەنایەتەیان بە تووندی شەرمەزار کرد و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کرد دەستبەجێ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و بڕیارنامەکانی هاوپێوەند بە پێویستی پاراستنی کارمەندانی پزیشکی و دەرمانی جێبەجێ بکەن.