حەماس: گەلی فەلەستین خوازیاری کۆتایی هاتنی دەسدرێژیی داگیرکەرانە
عزەت ئەڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین حەماس، وتی: گەلی فەلەستین خوازیاری کۆتایی هێنانی دەستدرێژیی داگیرکەرانە، نەک ئاگربەڕێکی کاتی کە دوای ماوەیەک دیسانەوە دەستدرێژی و کردە تیرۆریستییەکانی داگیرکەران دەست پێ بکاتەوە.
عزەت ئەڕەشق ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن دەستدرێژییەکان و قەڵاچۆکرانی گەلی فەلەستین بە تەواوی و نەک بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرن و وتیشی: جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت مەگین ئەو کاتەی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی داگیرکەر بە تەواوەتی کۆتایی بێ. لە هەمان کاتدا سەرچاوە میسرییەکان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە حەماس و جەهادی ئیسلامی نەیارەتیی پێشنیارەکەی قاهیرەیان کردووە سەبارەت بە ڕادەستکردنی دەسەڵات لە کەرتی غەززە، لە بەرامبەر دامەزرانی ئاگربڕی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوانە، حەماس و جەهادی ئیسلامی نەیاری هەرچەشنە ئیمتیازێک بوون ، ئازاد کرانی دیلی زیاتر نەبێ.
گروپەکانی خۆڕاگری فەلەستین لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە ئۆپەراسیۆنی "باهۆزی ئەقسا"ـیان لە غەززەوە (باشووری فەلەستین) لە دژی پێگەکانی ڕژێمی زایۆنی دەستپێکرد و ئەم ڕژێمە بۆ تۆڵەسەندنەوە و قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکەی گرووپە خۆڕاگرییەکان، دەستی دایە بۆردومان کردنی ناوچە مەدەنییەکان و ناوەندە پزیشکی و کولتوورییەکانی کەرتی غەززە.