شەهید بوونی لانیکەم ٣٨ فەلەستینی لە کەرتی غەززە
سەرچاوە هەواڵییەکان باسی شەهید بوونی لانیکەم ٣٨ فەلەستینی و برینداربوونی ٦٦ کەسی دیکەیان کرد لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر شارەکانی خانیونس، دێرولبەلح و ڕەفەح لە کەرتی غەززە.
لە درێژەی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەدا، سوپای ڕژێمی زایۆنی دوو باڵاخانەی لە لێواری باکووریی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە گوللەباران کرد کە ئاوارەی فەلەستینی تێیاندا پەنایان گرتبوو و لە ئەنجامدا لانیکەم ٧ کەس شەهید بوون. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنی ماڵێکیان لە کەمپی "یەبنا" لە باشووری ڕەفەح و ماڵێکیان لە نزیکی مزگەوتی حەمزە لە باکووری ڕەفەح دایە بەر پەلامار کە لە ئەنجامدا ژمارێک فەلەستینی بریندار بوون. پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنی بۆ سەر ناوچەی "حی الزهور" لە باکووری ڕەفەحیش دە برینداری لێکەوتەوە. هێزەکانی ڕژێمی زایۆنی هەروەها بە هێرشی ئاسمانی باڵەخانەیەکیان لە ناوچەی فەلوجەی کەمپی جەبەلیا و ناوچەی تەلزەعتەر لە باکووری کەرتی غەززە کوتا کە ئەو پەلامارەش ژمارێک شەهید و برینداری زۆری لێکەوتەوە.
فەلەستین ئەلیومیش ڕاپۆرتی داوە؛ گوللەبارانی ناوەڕاست و ڕۆژاوا و باکووری شاری خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە بەردەوامە و ژماری شەهیدان تەنیا هەر لە ئۆردوگای خانیونس گەیشتووەتە ١٨ کەس کە دوازدەیان ژن و منداڵن و ٥٢ فەلەستینیش بریندار بوونە. تانکەکانی داگیرکەرانیش ماڵێکیان لە شاری دەیرولبەلح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە تۆپباران کرد. پەلاماری تۆپخانەیی هێزی زایۆنی بۆ سەر ئەم شارە و خوێندنگەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان، ١٣ شەهید و ژمارێک برینداری لێکەوتەوە. وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە دوێنێ شەممە لە دوایین ڕێژە و ئاماریدا ڕایگەیاند کە هەژماری قوربانیانی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە تا ئێستا گەیشتۆتە ٢٢ هەزار و ٧٢٢ شەهید و ژماری بریندارانیش سنووری ٥٨ هەزاری تێپەراندووە.