کانونی دوھەم 29, 2024 09:00 Asia/Tehran

ژێدەرە هەواڵییەکان باسی بەردەوام بوونی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە دەکەن.

لە درێژەی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی فەلەستین تانکەکانی ئەم ڕژێمە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ئەلفەخاری لە خان یونس کە لە باشووری غەززەدا هەڵکەوتووە و دەستیان دایە تۆپ تەقاندن لە حەوش و حەساری نەخۆشخانەی ئەورووپایی و شوێنی پەناگرتنی ئاوارەکان. ژێدەرە هەواڵییەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە ڕژێمی زایۆنی دوو ناوچەی التحلیه و المنارە لە باشووری خان یونسی تۆپباران کردووە کە لە باشووری غەززەدایە. فڕۆکە جەنگییە بۆمبهاوێژەکانی ڕژێمی زایۆنی هەروەها ناوچەی تەلولهەوا هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژاوای غەززەیان بۆردومان کرد.

هەواڵنێری کەناڵی فەلەستینی ئەلیەومیش ڕایگەیاند کە شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین و هێزی داگیرکەری زایۆنی لە ڕۆژاوای "بەیتلاهیا" هەڵکەوتوو لە باکووری غەززە ڕووی داوە. ژێدەرە هەواڵییەکان هەروەها باسی بۆردومان کرانی ماڵی خانەوادەی فەلەستینیی "الخوالده"ـیان کردووە لە خان یونس و دەگوترێ لەو پەلامارەدا ژمارێک شەهید و بریندار بوونە و هەژمارێکیش لە ژێر دارووپەردووی ئەو ماڵە ڕووخاوەدا ماونەتەوە.

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە نیوەڕۆی دوێنێ شەممە باسی زۆر بوونی هەژماری شەهیدانی جەنایەتەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززەی کرد لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە  و پێیداگرت کە ئەو هەژمارە گەیشتۆتە ٢٦ هەزار و ٢٥٧ شەهید و ٦٤ هەزار و ٧٩٧ بریندار. 

سەرپەیڤ