هەنییە: خۆڕاگریی بە کەمتر لە وەستانی بەتەواوەتی دەسدرێژکاری و پاشەکشەی داگیرکەران لە غەززە، ڕازی نابێ
سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: خۆڕاگریی فەلەستین بەکەمتر لە وەستانی بەتەواوەتی دەسدرێژکاریی و کشانەوەی داگیرکەران، رازی نابێ.
"ئیسماعیل هەنیە" سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: موقاوەمەی فەلەستین بە کەمتر لە راگرتن و وەستاندنی تەواوی پەلامار و دەسدرێژییەکان و کاشانەوەی سوپای داگیرکەر لە غەززەو هەڵوەشانەوەی گەمارۆی زاڵمانەو دانانی پەناگەی هێمن و شیاو بۆ ئاوارەکان و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسی راگرتنی خەڵکی غەززەو پێبەندبوون بە بنیات نانەوە، رازی نابێ.
هەمووی ئەوانە، داواکاریی مرۆیین کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی، لەسەری ڕێککەوتن کراوەو رژیمی داگیرکەر دەبێ پێبەندی بێ و جێبەجێی بکا.
سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس وتیشی: هێنانەدی مامەڵەی پێک گۆڕینەوەی دیلەکان و گیراوان لەڕێی ئازادکردنی یەخسیرانمان بەتایبەت بەندکراوانی قەدیمی و ئەوانەی وا زیندانیی درێژماوەیان بۆ بڕاوەتەوە، یەکێ لە ئامانجەکانی ئەو دانوستانانەیە. ئێمە هەڵوێستێکی ئیجابیمان هەیە لەحاند دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام لەبارەی ئەمەگدارییەکانی گەل و دەسکەوتەکانی خۆڕاگری خەمسارد نابین. ئێمە بەهەموو تواناوە، بۆ پێش گرتن بەو گەرماوە خوێنەی دوژمن بەدژ گەلی بێتاوانمان وەڕێی خستووە، هەوڵ دەدەین.