ڕەوشی نالەباری نەخۆشخانەی ناسر دوابەدوای گەمارۆ و پەلاماری زایۆنییەکان
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە داگیرکەرانی زایۆنی کۆبینای پزشکیی "ناسر"ـیان لە کاتی پەلاماری هێزەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی کارەساتێکی پزشکی.
ئەم وەزارەتخانەیە جەختی کرد کە کادری پزشیکیی نەخۆشخانەی ناسر ئیتر توانای پێڕاگەیشتن بە نەخۆشانی ئەم نەخۆشخانەیە نییە و ژنراتۆری نەخۆشخانە تایبەت بە دابین کردنی وزە و ئۆکسیژن پەکی کەوتووە و تۆڕی ئاو و ئاوەڕێی نەخۆشخانەکە تەواو لەکار کەوتووە و زبڵ هەموو نەخۆشخانەکەی داگرتووە و نەبوونی ئیمکاناتی پزشکی پێش بە کارابوونی ستافی دەرمانی ئەم نەخۆشخانەیە گرتووە.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە پێی داگرت کە ئەم نەخۆشخانەیە پێویستی بە گواستنەوەی زیاتر لە ١٢٠ نەخۆشە بۆ ئەوەی بۆ وەرگرتنی ڕاژەکاریی پزشکی و دەرمانی بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆبینای پزشکیی ناسر بۆ ئەوەی بتوانێ ڕاژەکاری پزشکی و دەرمانی و بخاتە بەردەستی نزیکەی یەک ۱.۸ میلیون فەلەستینیی دانیشتووی غەززە، پێویستی بە چێکرانەوە و تەیار کرانی خێرایە.
ئەم وەزارەتخانەیە داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکان کرد تا خێرا هەنگاوی پێویست هەڵگرن بۆ دابین کردنی پێداویستییە ئورژانسی و فریاگوزارییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکان کرد داگیرکەران بخەنە بن گوشارەوە بۆ ئەوەی ناچار بن هەموو ستافی دەرمان و پزشکیی ئەم نەخۆشخانەیە ئازاد کەن.
ڕێکخراوی پزشکانی بێسنوور دوو ڕۆژ لەومەبەر ڕایگەیاند نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس ئێستایش هەر لە گەمارۆی سوپای ڕژێمی زایۆنیدایە و توانای ئەوەی نییە کە نەخۆش و بریندار وەرگرێ. ئەم ڕێکخراوەیە پێیداگرت هێزی ئیسراییلی ڕێگای گوێزرانەوەی برینداران و نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەیش نادەن.
ڕێکخراوی پزشکانی بێسنوور بە ئاماژە بەوەی کە هێزەکانی سوپای ئیسراییل؛ لە حەوش و حەساری نەخۆشخانەی ناسر سەقامگیر بوونە و ڕێگای چوونی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ نێو نەخۆشخانەکە نادەن، نیگەرانیشی دەربڕی لەحاند بەردەوام بوونی گرتن و لەبەند کردنی ستافی دەرمان و پزشکیی لە نەخۆشخانەی ناسر و پێیداگرت کە ئاوارە فەلەستینییەکان لە باکووری کەرتی غەززە، بەرەوڕووی قات و قڕییەکی نالەبار و ڕەوشێکی تەندرووستیی کارەساتبار بوونەتەوە.