ئادار 07, 2024 11:30 Asia/Tehran

خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین ڕایانگەیاند کە چوارشەممە تانکێکی زرێپۆشی سوپای رژیمی زایۆنیان تێکشکاندووەو ١٢هەڵمەتیان لەدژ چەکدارانی ئەو رژیمە لە٢٤کاتژمێری ڕابردوودا لە کەرتی غەززە جێبەجێ کردووە.

گوردانەکانی "سەرایا ئەلقودس" لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین رایگەیاند، تانکێکی زرێپۆشی سوپای رژیمی زایۆنیستی لە جۆری"بەبر"ی بە رۆکێتەکانی "تاندوم" لە ناوچەی زەیتون لە شاری غەززە تێکشکاندووە. گوردانەکانی "شەهیدانی ئەقسا" لقی سەربازیی بزووتنەوەی فەتحیش ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەکەی خۆیدا ڕایگەیاند: خەباتکارانمان لەماوەی٢٤کاتژمێری ڕابردوو ١٢ فەرمانبەرێتیان لە میحوەرەکانی شەڕ لە کەرتی غەززە ئەنجام داو ژمارێک لە هێزەکانی دوژمنیان کوشت و یان بریندار کرد. گوردانەکانی عیزەدین قەسامیش لە ناوچەکانی شەڕی دژ بە زایۆنییەکان، زەبری قورسیان لە سوپای زایۆنی داوە. رژیمی زایۆنیستی کە لە دەسپێکی باهۆزی ئەقساوە زەبری قورس وکاریی لەلایەن موقاوەمەی فەلەستینەوە پێگەیشتووە بۆ قەرەبووی شکستەکەی و وەستاندنی هەڵمەتی خۆڕاگری، دەروازەو تێپەڕگەکانی کەرتی غەززەی داخستووەو خەریکی بوردومانی ئەو ناوچەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە فەلەستینیەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند، ژمارێکی دیکە لە هاووڵاتیانی فەلەستینی لە ئاکامی بوردومانەکانی سوپای رژیمی زایۆنی شەهیدبوون و تەرمی ٢٥ شەهید لەلایەن هێزە فریاگوزارەکانەوە لەژێر دارووپەردوو هێنراونەتە دەر.

کۆپتەرەکانی ئەو رژیمە تەقەیان لە خەڵکی سیڤیلی فەلەستینی کرد لە رۆژهەڵاتی غەززەو لە ئەنجامی بوردومانی ماڵێک لە دێرولبەلەح لە کەرتی غەززە لەلایەن رژیمی زایۆنیش، سێ کەس شەهیدو ژمارێکی دیکە بریندار بوو. رژیمی زایۆنی هەروەها رۆژهەڵاتی ئورودوگای نەسیرات لە غەززەی تۆپباران کرد. فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی هەروەها ناوچە باکوریەکانی خان یونسیان بەقورسی بوردومان کرد. داگیرکەران هەروەها بە پەلاماری تۆپخانەیی ، باشوری ناوچەی زەیتون و شەقامی هەشتەم لە شاری غەززەیان تۆپباران کرد.

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند، سوپای رژیمی زایۆنیستی لە نۆ تاواندا و لەماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوو لە کەرتی غەززە، ٨٦ فەلەستینی شەهیدو ١١٣ کەسی دیکەی بریندار کرد. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتخانە، ژماری شەهیدانی غەززە لە دەسپێکی تاوانکاریی زایۆنییەکان گەیشتە٣٠هەزار و٧١٧ کەس و ژماری بریندارانیش بۆ٧٢هەزار و١٥٦کەس.

سەرپەیڤ