حوزه‌یران 24, 2024 20:20 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندروستیی غەززە ئەمڕۆ ڕایگەیاند؛ لە ئەنجامی تاوانکارییەکانی٢٤کاتژمێری ڕابردووی سوپای رژێمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە، ٩٤ فەلەستینی شەهیدو بریندار بوون.

لە بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە ٢٦٢یەمین رۆژی شەڕدا هاتووە: لەماوەی٢٤کاتژمێری ڕابردوودا، نەخۆشخانەو ناوەندە پزشکییەکان لە کەرتی غەززە، وەرگری ٢٨شەهیدو٦٦بریندار بوون. لە دەسپێکی شەڕ و پەلامارەکان بۆسەر کەرتی غەززە تائێستا ٣٧هەزار و ٦٢٦ فەلەستینی شەهیدو٨٦هەزارو ٩٨فەلەستینی دیکە بریندار بوون، لەبەر درێژەی پەلامارەکان، تەرمی ژمارێک لە شەهیدان هەروا لەژێر دارو پەردوودا ماوەتەوەو ڕێکخراوەکانی فریاکەوتن، ناتوانن ئەوان بۆ ناوەندە پزشکی و نەخۆشخانەییەکان ڕاگوێزن.

هەرلەو بارەوە، رادیۆی سوپای رژێمی زایۆنیستی دانی بەوەدانا کە داگیرکەران لە دەسپێکی شەڕ هەتا ئێستا پەنجا هەزار بۆمبیان هاویشتووەتە کەرتی غەززە، هاوکات ناوەندی مافی مرۆڤی ئوروپا- دەریای مەدیتەرانە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: رژێمی ئیسرائیل لە وێرانکردنی زەوی و زاری کشت و کاڵی و سەوەتەی خۆراک، وەک چەکی جەنگی و برسی ڕاگرتنی دانیشتووانی کەرتی غەززە کەڵک وەردەگرێ.

ئەو ناوەندە وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل زیاتر لە٧٥لەسەتی مێرگ و مەزراکانی کەرتی غەززەی لەناوبردووە، ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل سەوەتەی خۆراکی سەوزەوات، میوەو گۆشت و بەرووبوومە خۆراکییە خۆماڵییەکانی دیکەی کەرتی غەززەی بەئامانج گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، "ئەنتۆنیۆ گۆترێش"ی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، بەهۆی شەڕی رژێمی زایۆنیستی بەدژ غەززە، ٨٠ لەسەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ئاوی خواردنەوە بێ بەش بوون و زیاتر لە٥٠هەزار منداڵیس لەبەر تووشبوون بە بەدخۆراکی، پێویستیان بە چارەسەریی هەیە.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەوتەی ڕابردووش وێڕای ئاماژە بەوەی کە خێرایی و ڕێژەی کوشت و بڕ و کۆمەڵکوژیی لە غەززە، بەدەر لە هەر شتێکە کە لەو ساڵانەی سکرتێرییدا شایەتی بووم، وتی: دوای هێرشی سەربازیی ئیسرائیل، لانیکەم یەک ملوێن و٧٠٠هەزار کەس واتە٧٥ لەسەتی حەشیمەتی غەززە، ئاوارە بوون.

وتەبێژی سندوقی داکۆکی لە منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێڕای ئاماژە بەوەی کە رۆژانە١٠٠منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەززە شەهید یان بریندار دەبن، وتی: ئەگەر شەڕ ڕانەگیرێ، باردۆخ لەوەش خرابتر دەبێ.

"جەیمز ئالدێر" وتەبێژی سندوقی داکۆکی لە منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) وتی: ئەگەر شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە نەوەستێ و ڕێگە نەدرێ یارمەتییەکان بگاتە ئەو ناوچەیە، خەڵکی سیڤیل بەتایبەت منداڵان لە کەرتی غەززە، باجێکی قورس دەدەن.

سەرپەیڤ