فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ڕاگیرانی فرۆشتنی چەکەمەنی بە رژیمی ئیسرائیل بوو
ڕیاز مەنسور، نوێنەری دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە خوازیاری ڕاگیرانی فرۆشتنی چەکەمەنی بە رژیمی ئیسرائیل بوو.
ریاز مەنسور کە لە کۆڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی دەکرد، وتی: داوا دەکەم لە گشت وڵاتانی لایەنگری ڕێککەوتنی ئاگربڕن، ئیسرائیل بایکۆت بکەن و هەناردەی چەکەمەنی بۆ ئەو رژیمە رابگیردرێ. مەنسور بە ئاماژە بەوەی کە دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی، پەلاماری ستافی پزیشکی و نەخۆشخانەکان دەدا کە ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی کە فەلەستینیەکان هەرچەشنە پاڵپشتی و چاودێریی و ئاگاداریی لەدەست بدەن، پێی داگرت: کۆمەڵگای جیهانی تووشی لاوازیی و کەم دەسەڵاتی بووە کە ناتوانێ ئیسرائیل ناچار بکا بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لەمەڕ وەستاندنی شەڕ و پێکدادان جێبەجێ بکا.
واسیلی نەبنزیای نوێنەری هەمیشەی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو دانیشتنەدا وتی: ئیسرائیل بە پشت گوێ خستنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرووەکان سەبارەت بە چارەسەریی پرسی فەلەستین، یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکاو هەروا درێژە دەدا بە پەلامار و دڕندەکارییەکانی .