ژماری شەهیدانی جینۆساید لە غەززە هەڵکشا بۆ ٦٧٩٦٧ کەس
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژانەی وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە، بە گوێزرانەوەی تەرمی ٢٩ شەهید بۆ نەخۆشخانەکانی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ژماری شەهیدانی جەنگی جینۆسایدی دژ بە غەززە هەڵکشاوە بۆ ٦٧ هەزار و ٩٦٧ کەس.
تەرمی ٢٢ شەهید ئەمدواییە لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنراون، ٣ کەس بە هۆی ئەوەی پێشتر برینی کاریان لێکەوتبوو و و ٤ کەسیش بە هۆی کەوتنەبەر دەسڕێژی گوللەی هێزی داگیرکەر شەهید بوونە. هەروەها ١٠ کەسی دیکەیش هەر لەم ماوەیەدا بریندار بوونە.
بە پێی ئاماری گشتیی جەنگی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی دژ بە غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە تا ئیستا ۶۷ هەزار و ۹۶۷ کەس شەهید و ۱۷۰ هەزار و ١٧٩ کەسیش بریندار بوونە.
لەو کاتەشەوە ئاگربەس ڕاگەیەندراوە واتە لە ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ـەوە تا ئێستا ژماری شەهیدان ٢٣ کەس، ژماری برینداران ١٢٢ کەس و ژماری تەرمە دەرهێنراوەکان لە ژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەکانیش ٣٨١ کەس بووە.
بە پێی هەواڵێکی دیکە وتەبێژی کابینەی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەی حەماس تەرمی ٩ دەستبەسەرکراوی دیکەی ڕادەست کردوون.