تشرینی یه‌که‌م 29, 2025 17:15 Asia/Tehran
  • درێژەی تاوانکاریی رژێمی زایۆنی لە غەززەو چوونەسەری ژماری شەهیدانی فەلەستینی

لەئاکامی پەلاماری رژێمی زایۆنی لە زەویی، ئاسمان و دەریاوە بۆسەر غەززە، سە دو چوار فەلەستینی شەهیدو پتر لە ٦٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش ئەوەی سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنی بە بیانووگەلی جیاجیا، فەرمانی هێرش بۆسەر کەرتی غەززەی دەرکرد، ئەو رژێمە لە شەوی ڕابردوو-وە پەلامارەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەس پێ کردەوەو سوپای ئەو رژێمە رۆژاوای شاری غەززەو ڕۆژهەڵاتی "دێرولبەلەح" لە ناوەندی کەرتی غەززەی تۆپباران کرد. هەروەها میدیا فەلەستینیەکان ڕایانگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنی، گردووپەڕی نەخۆشخانەی شیفا و گەڕەکی زەیتوون لە رۆژهەڵاتی شاری غەززەیان بۆردومان کرد. خولی تازەی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر غەززەو پێشێلکرانی ئاگربەس لەکاتێکدا لە دوێشەوە دەس پێ بووە کە میدیاکانی رژێمی زایۆنی لە کاردانەوە بە ئیدانەکرانی ئەو پەلامارانەو پێشێلکرانی ئاگربڕ، ڕایانگەیاندووە، نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنی، ئەمریکییەکانی لە پەلامارەکانی بۆسەر غەززە ئاگادار کردۆتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆری جیاجیا سەبارەت بە تەقەکران لە چەکدارانی زایۆنی لە رەفەح و کوژرانی یەکێک لەوان، حەماس وێڕای رەت کردنەوەی هێرش بۆسەر چەکدارانی زایۆنی، ڕایگەیاند؛ رژێمی داگیرکەر پێش دەگرێ بە هاتنی تیمەکانی خاچی سوور و خۆڕاگریی بۆ رۆژهەڵاتی غەززە بەمەبەستی گەڕان لە تەرمی گیراوانی زایۆنی. حەماس جەختی کرد؛ رژێمی زایۆنی بەهێنانەئارای پەڵپ و بیانووی ساختە لەهەوڵی بوارخۆشکردنە بۆ ئەنجامدانی دەسدرێژکاریی تازە دژی خەڵکی فەلەستین؛ ئەو بابەتەی کە پێشێلکرانی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ئاگربەس بەئەژمار دێ. وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە دەسپێکی خولی تازەی پەلامارەکانی سوپای رژێمی زایۆنی لە زەویی، ئاسمان و دەریاوە بۆسەر غەززە کە دوای فەرمانی نەتانیاهوو ئەنجامی گرت، سە دوچوار فەلەستینی لەوان ٢٤ منداڵ شەهیدو زیاتر لە ٦٠ کەسیش بریندار بوون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتیی لە کەرتی غەززەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: رژێمی زایۆنی لە کاتی جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕەوە تاکوو ئێستا پتر لە ١٢٥ جار، ئەو ڕێککەوتننامەی بەزاندووە. هەروەها لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ رژێمی داگیرکەری زایۆنی هەروا درێژە دەدا بە پێشێلکردنی ئاشکراو سیستماتیکی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ، کردەیەک کە پێشێلکرانی ئاشکرای هەموو پرەنسیپ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بەئەژمار دێ.

سەرپەیڤ