حەماس: گرووپەکانی خۆڕاگریی فەلەستین لە غەززە چالاکی سەربازییان نییە
ڕاوێژکاری میدیایی سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین حەماس لە لێدوانێکدا پێداگرت کە هەموو گرووپەکانی خۆڕاگری فەلەستین پێبەندن بە ئاگربەس و ئێستاش هیچ چالاکییەکی سەربازیان لە کەرتی غەززەدا نییە.
تاهیر نوونوو وتی: ئێمە خوازیاری ئەوەین ڕێگە بدرێ بە میدیای نێودەوڵەتی کە بێنە نێو کەرتی غەززەوە بۆ ئەوەی جەنایەتە دژە مرۆییەکانی داگیرکەرانی زایۆنی لە قاو بدرێ، چوونکوو گێڕانەوەی ئەم ڕژێمە لەبارەی کوژرانی هێزی سەربازی زایۆنی لە کەرتی غەززە بە دەستی خۆڕاگری درووست نییە و گرووپە خۆڕاگرییەکان هیچ چالاکییەکی سەربازییان نییە.نوونوو هەروەها بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە داگیرکەران دەیانهەوێ خۆڕاگری ناچار بکەن بە بنپێکردنی ئاگربەس بۆ ئەوەی بیانوی دەستپێکردنەوەی شەڕ بکەوێتە دەستیان، وتیشی: ئێمە بەناوبژیوانانمان ڕاگەیاندووە کە ناچینە ژێر باری هەوڵی زایۆنییەکان بۆ داسەپاندنی هاوکێشەیەکی تازەی سەربازی لە کەرتی غەززەدا.