تشرینی دووه‌م 06, 2025 18:02 Asia/Tehran
  • درێژەی پەلاماری رژێمی زایۆنی بۆسەر غەززە سەرباری ڕاگەیێندرانی ڕێککەوتننامەی ئاگربەس

سەرباری ئەوەی کە پێشتر ڕاگەیێندرابوو، ڕێککەوتنێک کراوە بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەشەڕ و دەسپێکرانی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی ئاگربڕ، بەڵام سوپای رژێمی زایۆنی هەروا درێژە دەدا بە پەلامارەکانی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە.

لەکاتێکدا کە ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ و دەسپێکرانی پرۆسەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئاگربەس لە کەرتی غەززە ڕاگەیێندراوە، تۆپخانەی سوپای رژێمی زایۆنی، چەند شوێنێکی لە رۆژهەڵاتی خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە داوەتەبەر پەلامار و ترۆمبیلە سەربازییەکانیشی بەردەوام دانیشتووانی ئۆردوگای نوسەیرات لە ناوەندی غەززە دەدەنە بەر تەقەو دەسڕێژ. لە لێواری ڕۆژاواش شەڕ و پێکدادانەکان تاوی سەندووەوبەهۆی هێرشی چەکدارانی رژێمی زایۆنی بۆسەر شاری "کەفەردان" لە ڕۆژاوای جێنین، فەلەستینیەک، کەوتە بەر دەسڕێژ و بریندار بوو. هەروەها پێکدادان لەنێو گەنجانی فەلەستینی و چەکدارانی سوپای رژێمی زایۆنی ڕووی داوە. هاوکات، شارە جیاجیاکان لە باکوور و ناوەندی لێواری رۆژاوا شایەتی پەلاماری شەوانەی سوپای ئەو رژێمە بوون. لە باکووری رۆژاوای ڕامەڵڵا، ناوەندی لێواری رۆژاوا، ماڵ و خانووبەرەی زۆر پشکنینیان بۆکراوەو ژمارێک لە هاووڵاتیان دەسبەسەرکراون. هەروەها ، باکووری ئەلخەلیل و تولکەرمیش کەوتوونەتە بەر هێرشی سوپای زایۆنی. ئەو دەسدرێژکاریی و تاوانکارییانەی سوپای رژێمی زایۆنی لەکاتێکدا خەریکە ڕوو دەدا کە دەم و دەزگەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار وشدارییان داوە لەمەڕ چوونەسەری ئاستی توندوتیژییەکان، گیران و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەو بەئامانج گیرانی خەڵکی سیڤیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین. ئەو پەلامارانە لەکاتێکدا لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە دەکرێتەسەر ناوچە فەلەستینیەکان کە نزیک بە مانگێک لەمەوبەر، ڕێککەوتننامەی ئاگربەس لەنێوان دوولایەندا گرێدرا بەڵام لەو ماوەدا، رژێمی زایۆنی زیاتر لە سەت و بیست جار ئەو ڕێککەوتننامەی پێشێلکردووەو بووەتەهۆی شەهیدبوونی نزیک بە ٢٢٠ فەلەستینی.

سەرپەیڤ