هەڵکشانی ژماری شەهیدانی غەززە
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە کە تەرمی حەوت شەهیدی دیکەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە و وهەروەها ژماری شەهیدانیش بۆ ٦٩ هەزار و ١٧٦ کەس بەرز بۆتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی حەوت شەهیدی دیکە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە گواستراوەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە یەکێک لەو شەهیدانە ئەمدواییە شەهید بووە، هەروەها تەرمی شەش کەسی دیکەش لە ژێر داروپەردوو دەرهێنراون و جگە لەوەش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پێنج بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە.وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە هەروەها ڕایگەیاند کە بە هێنانە ئەژماری ئەم شەهیدانە، ژماری شەهیدانی کەرتی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە گەیشتووەتە ٦٩ هەزار و ١٧٦ کەس، ژماری بریندارەکانیش هەڵکشاوە بۆ ١٧٠ هەزار و ٦٩٠ کەس. بەپێی هەواڵی میدیاکان، ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەس و هەر لەو پێوەندییەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی ڕاردوو سێ جار شاری خان یونسیان لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە. هەروەها ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززەیش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنییەوە بۆردومان کران.